لەدرێژەی چالاكییەكانی گروپی پاڵپشتی میدیا و ئازادی رادەربڕین لەكۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان، شاندێك سەردانی كەناڵی (سپێدە) دەكات و دۆخی ئازادی رۆژنامەگەری تاوتوێ دەكات.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 22/4/2019 هیوا عومەر رێكخەری گروپەكانی پاڵپشتی میدیا و ئازادی رادەربڕینی كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان و عەفان ئەحمەد ئەندامی گروپی هەولێری هەمان گروپ سەردانی كەناڵی (سپێدە)یان كرد و لەگەڵ عەبدولكەریم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی كەناڵەكە كۆبونەوە.

لەسەرەتا شاندەكە پیرۆزبایی ساڵرۆژی رۆژنامەگەری كوردی لەبەڕێوەبەری كەناڵی سپێدە و رۆژنامەنوسانی كەناڵەكەكرد.

هیوا عومەر ئامانجەكانی كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان و گروپەكانی پاڵپشتی میدیا و ئازادی رادەربڕینی رونكردەوە و تێگەیشتنی خۆیانی لەبارەی رەوشی ئازادی رادەربڕین و میدیای رونكردەوە.

هیوا عومەر میكانیزمی كاركردنی گروپەكانی پاڵپشتی میدیا و ئازادی رادەربڕین بۆ مەسەلەی پاڵپشتیكردن لەمیدیا بەشێوەیەكی گشتی لەكوردستانكرد.

لەتەوەرێكیتردا، هیوا باسی لەو داتا و ئامارانەكرد كە گروپەكانی كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان تۆمارییانكردووە، وتی: رێژەی پێشێلكارییەكان لە2018 بەبەراورد بە2017 زیاتربووە.

هەروەها باسی لەگرنگی هەماهەنگی و كاری پێكەوەییكرد لەتۆماركردنی پێشێلكارییەكان و راپۆرتی (UPR) كە لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان پێشكەشدەكرێت.

لەوكۆبونەوەیەدا جەخت لەسەر ئەوەكرایەوە كە ئازادی یەكێكە لەمافە گەردونییەكان و كاری حكومەتە كە لەچوارچێوەی یاسا رێكی بخات نەك رێگری لێ بكات.

هەروەها باسی لەگرفتەكانی (یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری هەرێمی كوردستان)كرد كە لەلایەن حكومەتەوە رێنمایی پێویستی بۆ دەرناچونێدرێت تا یاساكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسانیش لێی سودمەندبن.

هیوا عومەر ئەوەشی رونكردەوە كە لەرۆژانی داهاتوو هەزاران واژۆ بەمەبەستی پاڵپشتی ئازادی رادەربڕین لەلایەن گروپەكانی كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كردستان و رێكخراوەكانەوە كۆكراونەتەوە رادەستی پەرلەمانی كوردستان دەكرێن.

لای خۆیانەوە عەبدولكەریم ئەحمەد، وێڕی بەخێرهاتن، كارەكانی كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان و گروپەكانی پاڵپشتی میدیا و ئازادی رادەربڕینی بەرزنرخان و پشتیوانی خۆی و كەناڵەكەی بۆ كارەكانی كۆڕبەند دەربڕی.

دەربارەی رەوشی رەوشی میدیا و رۆژنامەنوسان، عەبدولكەریم بەشاندەكەی ووت: لەخراپترین دۆخی ئازادی و رۆژنامەگەریداین، چونكە لەلایەن دەسەڵاتداران و حكومەتەوە هێڵی سوور لەسەر كۆمەڵێك بابەت كێشراوە كە رۆژنامەنوسان بەدەستیان ناگات.

هەروەها بەڕێزیان لەباری هەڵوێستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیشەوە هەڵوەستەیكرد و ووتی: ئەمریكییەكان و ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و هەرێمایەتیش دووڕوانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان مامەڵە دەكەن، چونكە مامەڵەكانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانیانە و هەڵوێستیان لەسەر دۆخی خراپی ئازادی رۆژنامەگەری و بەدەستهێنانی زانیاری نییە.

لەكۆتاییدا هەماهەنگی هەردولا بۆ ئاگاداربون و پەیوەندی زیاتر باسی لێوەكرا.