گروپەكانی پاڵپشتی و میدیا و ئازادی رادەربرینی كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان مەراسیمێكی تایبەتی بۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی شەهید رامین حسێن پەناهی رێكخست و تیایدا زیاتر لە200 كەس لەنوێنەرانی ریكخراوە و لایەنەكان و كەسایەتی ئامادەیبوون.

مەراسیمەكە لەشاری سلێمانی و لە7ی ئەیلولی 2019 لەهۆڵی ئازادی بەڕێوەچوو، لەمەراسیمەكەد وتاری گروپەكانی پاڵپشتی میدیاو ئازادی رادەربرینی كۆربەندی كۆمەڵایەتی كوردستان لەلایەن سەربەست نەریمان خوێندرایەوە كە تیایدا هاتووە: شەهید رامین یەكێكە لە قوربانیانی پێشڵكارییەكانی سەر مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربرین، كە بەداخەوە ئامارەكانی قوربانیانی ئازادی رادەربریِن لەم ناوچەیە بەگشتی و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئاماژەی ترسناكمان پێی دەڵێن لە بارەی خراپی رەوشی ئازادی رادەربرین.

هەر لەمەراسیمەكەدا وتاری بنەماڵەی شەهید رامین لەلایەن ئەمجەد رامینی برایەوە خوێندراوەیەوە.

هەروەها چەندین بروسكەی ماتەمینی و شعر و سرودی ئازادی پێشكەشكران.

 

دەقی وتەی گروپەكانی پاڵپشتی میدیاو ئازادی رادەربرینی

كۆربەندی كۆمەڵایەتی كوردستان

لەمەراسیمی ساڵیادی لە سێدارەدانی شەهید (رامین حسیەن پەناهی)

 

ئەم كاتەتان باش ئامادەبوانی خۆشەویست، بەناوی گروپەكانی پاڵپشتی ئازادی رادەربرینی كۆربەندی كۆمەڵایەتی كوردستان بەخێرهاتنی هەموولایەك دەكەین بۆ مەراسیمی ساڵیادی لە سێدارەدانی شەهید (رامین حسیەن پەناهی).

شەهید رامین یەكێكە لەقوربانیانی پێشڵكارییەكانی سەر مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربرین كە بەداخەوە ئامارەكانی قوربانیانی ئازادی رادەربریِن لەم ناوچەیە بەگشتی و بەتایبەتی لەرۆژهەڵاتی كوردستان ئاماژەی ترسناكمان پێی دەڵێن لە بارەی خراپی رەوشی ئازادی رادەربرین.

راستە ئێمە یادی لەسێدارەدانی رامین دەكەینە وە وەك قوربانییەكی ئەو دۆخە، هاوكات شاهێدحاڵی قەیران و كێشەكانی ئەو جۆرە لەسیستەمشین كە توانای بەردەوامیان رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو كۆتایی دەچێت بەهۆی ئەو ئایدیایەی هەیانە لەبەڕێوەبردنی وڵات و پێشێڵكارییەكانی سەرمافەكانی مرۆڤ، مێژووی نزیكی ناوچەكە جارێكی تر ئەوەمان بیر دەخاتەوە كە مانەوەی هەر سیستەمێكی سیاسی و ئابوری بەندە بەئاستی دابینكردنی مافەكانی مرۆڤ، نەك بەپێچەوانەكەی.

بەپێی جارنامەكانی مافەكانی مرۆڤ؛ دەوڵەت ناتوانێت و لەدەسەڵاتی ئەوەی نییە كە مافی ئازادی رادەڕبرین بدات یا وەری بگرێتەوە، بەڵكو ئەركی دەوڵەت رێكخستنی ئەو مافەیە لەچوارچێوەی یاسای ناوخۆیی بەپێی پێورە جیهانیەكانی مافەكانی مرۆڤ و رێكەوتننامەكان. 

ئێمە وەك گروپەكانی پاڵپشتی و ئازادی رادەربرین و كەسانی ئازادیخواز بەرمەبنای باوەڕیمان بەجاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربرین، بەردەوام دەبین لەپشتگیریكردن لەماف و ئازادییەكان، وەك ئەركێكی مرۆیی و ئەخلاقی.

لەسێدارەدانی رامین پێش ئەوەی كردەیەك بێت دژ بەكاراكتەری رامین، كردەی هەوڵی لەسێدارەدانی مافی ئازادی رادەربڕینە دژ بەهەموومان و دژ بەمێژووی تێكۆشانی مرۆڤایەتی لەپێناو ماف و ئازادییەكان، جارێكی تر هاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادەی شەهید (رامین) دەردەبڕین و هەموومان فەخر بەكۆڵنەدان و تێكۆشانی ئەو خانەوادەیە دەكەین دژ بەپێشێلكارییەكانی سەر مافەكانی مرۆڤ كە بەداخەوە لەخانەوادەی (حسین پەناهی) ئەمە دەیان قوربانییە بۆ ئازادی دەیبەخشن.

گروپەكانی پاڵپشتی میدیا و ئازادی رادەربرینی 

كۆربەندی كۆمەڵایەتی كوردستان

7ی ئەیلولی 2019