له ژێر چاودێری به‌ڕێز پارێزگاری هه‌ولێر و فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه ناحكومیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، رێكخراوی ئاشتی و ئازادی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی نۆڤاكتی ئیسپانی و ئاماده‌بوونی شاندێكی باڵای هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی لاوان، زانكۆ، ئاشتی ئه‌نجامدا.
كۆنفرانسه‌كه له ١٢ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٣ له شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو به ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان پارێزگاری هه‌ولێر، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه ناحكومیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، رێگڤانت ئورا ئەندامی پەرلەمان و مارك بارباسیک راوێژکاری سیاسی لە پەرلەمانی كه‌ته‌لۆنیاو، ، لوکا گێرڤاسۆنی بەرپرسی ڕێكخراوی نۆڤاکت و ژمارەیەك لە یاریزانانی وەرزشی و توێژه‌رانی ئه‌كادیمی و نوێنه‌ری چه‌ند رێکخراوێكی کۆمەڵگەی مەدەنی له هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا، هه‌روه‌ها ئاماده‌بوونی زیاتر له ١٥٠ كه‌س له نوێنه‌ری دام و ده‌زگا حكومیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخراوه ناوخۆی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و توێژه‌ران و لاوانی شار‌و شارۆچكه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ندین ده‌زگای ڕاگه‌یاندن.
ئامانج لهكۆنفرانسهكه بریتی بوو له ئاڵوگۆڕكردنی ئه‌زمونی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا و هه‌رێمی كوردستان له‌بواره‌كانی په‌ره‌پێدانی ئاشتی و به‌شداری لاوان، وه‌رزش، ناوه‌نده ئه‌كادیمیه‌كان و هه‌روه‌ها كاری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی. له‌چوارچێوه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌دا جگه له ووتاری هه‌ریه‌ك له نوێنه‌ری رێكخراوی ئاشتی و ئازادی، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوهناحكومیهكان، پارێزگاری هه‌ولێر، ڕێكخراوی نۆڤاكت و شاندی كه‌ته‌لۆنیا، سێ پانێڵ به‌ڕێوه‌چوون: له پانێڵی یەکەم ئەزموونی کەتەلۆنی سەبارەت بە گەنجان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاشتی باسكرا، له پانێڵی دووه‌م تیشك خرایه‌سه‌ر ئەزمونی هه‌رێمی کوردستان په‌یوه‌ست به گەنجان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاشتی، پاشان له پانێڵی سێیه‌م ده‌ره‌نجام و ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتووه‌كانی پڕۆژه‌ی ئاشتی (ASITI) خرانه‌ڕوو كه له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌كانی (FAS) له هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا، ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی و (UPP) له هه‌رێمی كوردستان، ڕێكخراوی (DOZ) له كوردستانی سوریا،هه‌روه‌ها (IDARE) له ووڵاتی ئوردن جێبه‌جێكران.