بەدەستپێشخەری رێكخراوی ئاشتی و ئازادی و لەچوارچێوەی كارەكانی كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان، دامەزراندنی پلاتفۆڕمی پەروەردە لەشاری هەولێر لە ١٦\٧\٢٠١٩ راگەیەندرا.
دامەزراندنی پلاتفۆڕمەكە پاش چەند كۆبونەوەیەك هات كە لەنێوان گروپێك لەگەنجانی خۆبەخش، فێرخوازانی زانكۆ و چالاكوانان سازكرا، تێیدا جەختكرایەوە لەسەر پێویستی بونی دەستپێشخەری و گروپی جیاواز بۆ كاركردن لەسەر سێكتەری پەروەردە لەهەرێمی كوردستان.
لەو ڕوانگەیەوە، پلاتفۆڕمەكە دەرفەتێكە بۆ یەكخسنی زیاتری هەوڵەكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدنی، فێرخوازان و مامۆستایان، بزوتنەوەكانی قوتابیان و خوێندكاران و گەنجان و ئافرەتان و پێكهاتەكان و یەكێتی مامۆستایان بۆ مسۆگەركردنی مافە پەروەردەییەكان و بەرەو پێشبردنی رەوتی پەروەدە و فێركردن لەهەرێمی كوردستان.
لەدواین كۆبونەوەدا، بڕیاردرا لەسەر ئەوەی پلاتفۆڕمی پەروەردە دەرفەتێكی كراوەبێت بۆ هەر كەس و گروپ و دەستپێشخەریەك كە باوەڕی بەكاری مەدەنی و خۆبەخشی و پێكەوەیی هەبێت لەپێناو بەهێزكردنی رۆڵی كۆمەڵگای مەدەنی و بزوتنەوەكانی گەنجان و لاوان و هەبونی سیستەمێكی پەروەردەی پێشكەوتوو كە لەئاست داخوازیەكانی كۆمەڵگای كوردستانی بێت.
هەروەها پلانی كاروچالاكییەكانی داهاتوی پلاتفۆڕمەكە گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و بڕیاردرا لەسەر ئامادەكردنی چەند راپۆرتێك دەربارەی رەوشی مافەكانی مامۆستایان و فێرخوازان و هەڵسەنگاندنی پڕۆگرامەكانی خوێندن لەهەرێمی كوردستان.