لە درێژەی کاروچالاکیەکانی خۆیدا، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بە پاڵپشتی ڕێکخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویجی(NPA) لە بەرواری ١٥-٨-٢٠١٨ لە شاری هەولێر کۆنفرانسی "پتەوکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان" ی ئەنجامدا.ت

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا زیاتر ٧٠ کەس لە نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسیەکان، دام و دەزگا حکومیەکان، نوێنەری قونسوڵی ووڵاتانی بیانی، ڕێکخراوەکحانی کۆمەڵی مەدەنی و نوێنەرانی دام و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و کەسانی ئەکادیمی ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون

لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا سێ پانێڵ پێشکەش کران. لە پانێڵی یەکەمدا، ڕەشنوسی ڕاپۆرتی پێشێلکاریەکانی دژ بە ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان خرایە ڕوو کە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لە ڕێگای تیمی چاودێری تایبەتەوە بۆ حەوت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ئامادەی کردبوو. هەروەها دیدی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بۆ ڕەوشی کاری ڕۆژنامەوانی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن خرایە ڕوو. لە پانێڵی دووەمدا، ڕەشنوسی ڕاپۆرتی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) خرایە ڕوو کە بڕیارە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لە ساڵی ٢٠١٩ پێشکەش بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەییە یەکگرتووەکانی بکات. دواتریش نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر کاروچالاکیەکانی حکومەتی هەرێم تایبەت بە پرۆسەی پانۆرامای خولی گشتگیر. لە پانێڵی سێ یەمی کۆنفرانسەکەدا دیدی پەرلەمان بۆ بەربەستە یاساییەکانی بواری ئازادی ڕادەربڕین خرایە ڕوو. پاشان سەرپەرشتیارانی کەمپینی واژوو کۆکردنەوە لە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی تیشکیان خستە سەر چۆنیەتی کۆکردنەوەی پازدە هەزار واژوو لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی دروستکردنی فشار لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ مسۆگەرکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین و جێبەجێکردنی یاساپەیوەندیدارەکان. لە هەر پانێڵێکدا بەشداربوانی کۆنفرانسەکە دیدو سەرنجی خۆیان خستەڕوو دەربارەی ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین و ئەو هەنگاوە پێویستانەی کە دەبێت بگیرێنە بەر بۆ فراوانکردنی مەودای مومارەسەکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان.