بەبەشداری زیاتر لە100 نوێنەری رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و كاربەدەستانی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان، كۆبونەوەیەكی فراوان بۆ تاوتوێكردنی گرفتەكانی رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكان لەهەرێمی كوردستان تاتوێكرا.

رێكخراوی ئاشتی و ئازادی بەهەماهەنگی رێكخراوی NCCI و فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێم لەشاری هەولێر رۆژی 17ـی نۆڤەمبەری 2019 كۆبونەوە فراوانەكەی رێكخست كە تیایدا بۆچونی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی لەبارەی كێشە و گرفت و رۆتینەكانی بەردەم كاروباری رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكان لەهەرێمی كوردستان خرایە روو، پاشان نوێنەرانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و فەرمانگە بۆچونی خۆیان لەبارەی كۆبونەوەكە خستە روو كە خوازیاری سەرنج و تێبینی نوێنەرانی رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكانبوون.

 

رێكخراوی ئاشتی و ئازادی پێی وایە كە رێگا چارەكانی كاراكردنی

رۆڵی رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكان لەهەرێمی كوردستان بەم شێوەیە دەبێت:-

• راگرتنی بڕیارێكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان كە لەرۆژی 16ـی ئۆكتۆبەری 2019دا دەرچووە كە تایبەتە بەدانانی تۆماری رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكان لەهەرێم.

• فەرمانگە هەوڵبدات بەزوترین كات رێنماییەكی تایبەت دەربكات لەبەر رۆشنایی یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2011 كە تایبەت بێت بەتۆماری رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكان و لەوێدا بەروونی رێكارەكانی تۆماری ئەوان روونبكاتەوە و پرسی چوار تۆمارەكەی تێدا بێت.

• نەهێشتنی نوێكردنەوەی ساڵانەی فەرمانی كارگێڕی بۆ سەرجەم رێكخراوە ناحكومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، لەبەر ئەوەی پێچەوانەی خودی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستانە.

• سەرلەنوێ‌ كردنەوەی رێكاری تۆماری ئەلیكترۆنی كە یەكێكبوو لەدەستكەوتەكانی رەوتی كۆمەڵگای مەدەنی.

• رێگەگرتن لەدەستوەردان لەكاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و سزادانی سەرپێچیكاران.

هەر لەكۆبونەوەكەدا بەشداربوان كە نوێنەرانی زیاتر لە100 رێكخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ناحكومیبوون ، بەپرسیار و خستنەڕوو سەرنجی خۆیان بەشداربوون و ژمارەیەك پرسیاریان ئاڕاستەی نوێنەرانی حكومەت و فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمكرد كە زۆرینەیان نیگەرانیبوون لەزۆری رۆتین و رێكنەخستنی كاروباری رێكخراوە ناحكومییەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی و مەسەلەی مۆڵەت و خۆتۆماركردن و پرسی رێگەگرتنیان لەكاروچالاكی لەلایەن بەشێك لەدەزگا ئەمنییەكانەوە.

نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێملا كوردستان و فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان وەڵامی بەشێك لەپرسیاری ئامادەبوانیان دایەوە و هەندێ‌ پرسی پەیوەست بەكاروباری رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكان لەهەرێمی كوردستانیان روونكردەوە.

بەشداربوانی كۆبونەكە و نوێنەرانی حكومەت و فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانیش جەخیان لەگرنگی كۆبونەوەی لەوشێوەیەكردنەوە و پێشنیاریشكرا كە زوو زوو لەم جۆرە كۆبونەوانە رێكبخرێن كە سودی دەبێت بۆ هەماهەنگی زیاتری نێوان رێكخراوەكان و كاربەدەستان و ئاشنابوون بەشێوازی نوێی نێودەوڵەتی بۆ كاری رێكخراوەیی.