ڕۆژی چوارشەم ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە ئامادەبوونی كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، گفتوگۆكردن لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران لەهەرێمی كوردستان بەردەوام بوو.

مێزگردی گفتوگۆكردن بۆ هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران لەلایەن ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی بە هاوكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بە پاڵپشتی فریاگوزاری گەلی نەرویجی لە ڕۆژی پێشترەوە دەستی پێكرد بوو، بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرانی دەستبەری كۆمەڵایەتی لە پارێزگا و شارۆچكەكانی كوردستان و هەروەها نوێنەرانی یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان و ژمارەیەك چالاكی بواری كرێكاریی تێیدا بەشداربوون.

لەماوەی هەردوو ڕۆژی چالاكییەكەدا، گفتوگۆ لەسەر تەواوی مادەكانی یاسای خانەنشینی و دەستبەری كۆمەڵایەتی كرا و لەلایەن بەشداربووانەوە، پێشنیاز بۆ هەمواركردنەوەی چەندین مادە و بڕگەی یاساكە كرا و كۆی پێشنیازەكانیش لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە تۆماركران.

كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە دەستپێكی كارەكانی دووەم ڕۆژی مێزگردەكەدا، هەوڵەكانی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكارانی بەرز نرخاند و سوپاسی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی و هەموو ئەو ڕێكخراوانەیش كرد كە لەپێناو بەهێزكردنی مافەكانی كرێكاران لەهەرێمی كوردستاندا كار دەكەن.

پاش گفتوگۆكردنی تەواوی مادە و بڕگەكانی یاسای خانەنشینی و دەستبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران و تۆماركردنی هەموو پێشنیازەكانی هەمواركردنەوە لەلایەن لیژنەیەكی دیاریكراوەوە، بڕیاردرا بەپێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەت بۆ ڕێكخستنی هەموو پێشنیازەكانی پێوەست بەهەمواركردنەوەی ئەو مادە و بڕگانەی لەمێزگردەكەدا هەمواركردنەوەیان جێگیر كرا، لێژنەكە لەبەرپرسی یاسایی وەزارەتی كار، نوێنەری یەكێتی سەندیكاكانی كرێكاران، پارێزەری لقی دهۆكی یەكێتی سەندیكاكانی كرێكاران و نوێنەری ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی پێكدێت كە بڕیارە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا، لەناو وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بۆ ڕێكخستنی پێشنیازەكانی هەمواكردنەوەكە، كۆببێتەوە.

پاش ڕێكخستن و داڕشتنەوەی دەقە هەمواركراوەكە، لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە، وەك پرۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران، بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەكرێتەوە تا لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەمەبەستی گفتوگۆكردن و پەسندكردنی هەمواركردنەوەی یاسایەكە، ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت.