
ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان
بۆ:
بەرێز جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی،سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی،سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەڕێزان سەرۆکی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان
لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی مێژوویی و شایستەیی نەتەوەیی و دیموکراسی و، لەبەر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە هەستیارو ئەو بەرەنگارییە هەنووکەیانەی کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت، ئەم داواکارییانەمان ئاراستەی ئێوە دەکەین کە هەڵقووڵاوی نیگەرانی ئێمەیە لە بەردەوامبوونی ئیفلیجی یاسایی و سیاسی کە بەهۆی پەککەوتنی کارەکانی پەرلەمان و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتەوە هاتووەتە ئاراوە.
سەقامگیری هەرێم و پاراستنی دەستکەوتە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەکانی، پەیوەستن بە هەبوونی دامەزراوەی شەرعی، کارا و سەقامگیرەوە؛ بە پشتبەستن بەمەش، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی داوا لە بەڕێزتان دەکەن بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیانەی خوارەوە:
1-خێراکردن لە سازدانی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان و کۆتاییهێنان بەو سستییە درێژخایەنەی کە هەیە، بۆ ئەوەی پەرلەمان ڕۆڵی یاسایی خۆی لە نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی گەلدا بگێڕێت.
2-هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی بەبێ دواکەوتن، وەکو یەکەم هەنگاوی یاسایی و دەستووری بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەی یاسادانان.
3-کاراکردنەوەی لێژنە پەرلەمانییەکان بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت ئەرکە چاودێری و یاسادانانەکانی خۆی جێبەجێ بکات و بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکارییە بەپەلەکانی هاووڵاتیان بکات.
4-پێکهێنانی کابینەی نوێی وەزاری لە زووترین کاتدا، بە مەبەستی گەرەنتی بەردەوامبوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، تێپەڕاندنی تەحەددییە ئابوورییەکان و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.
پەکخستنی ئەم شایستە دیموکراسییانە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەیە و پێگەی یاسایی و سیاسی هەرێم لاواز دەکات. بۆیە، ئێمە چاوەڕوانی دانایی و لەپێشینەی بەرژەوەندییە باڵاکانتانین لە ڕێگەی تێپەڕاندنی ناکۆکییە سیاسییەکان و سفرکردنەوەی قەیرانەکان، بە مەبەستی وەڵامدانەوەی خواستەکانی گەلەکەمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان
٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦