
ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی، خولێکی ڕاهێنانی سێ ڕۆژەی لە هەولێر لە نێوان ١٦ بۆ ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ڕێکخست، کە تێیدا نوێنەرانی یەکێتی و سەندیکاکانی کرێکاران، لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداربوون. بەشداربووان بریتی بوون لە نوێنەرانی ئەو سەندیکایانەی لە کەرتەکانی نەوت و گاز، کشتوکاڵ، گواستنەوەی تایبەت، بیناسازی کاردەکەن.
ئامانجی خولەکە پەرەپێدانی تواناکانی نوێنەرانی یەکێتی و سەندیکاکان بوو لە بواری حوکمڕانیی باشدا، بە سەرنجدانێکی تایبەت لەسەر پێکهاتەکانی حوکمڕانی، پەرەپێدانی بەڕێوەبردن و سیاسەتەکان، پەیوەندی کاریگەر لەگەڵ ئەندامان، و هەوڵەکانی داکۆکیکردن، کە هانی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری دەدا.
لە ماوەی سێ ڕۆژەکەدا، بەشداربووان چەندین تەوەری جۆراوجۆریان تاوتوێ کرد کە پەیوەست بوون بە حوکمڕانیی دیموکراتی، بەشداریکردن و وەڵامدانەوەی ئەندامان، سیاسەت و ڕێکارە دامەزراوەییەکان، پلاندانان بۆ کارکردن، و هەڵسەنگاندن و بەڕێوەبردنی مەترسییەکان.
خولەکە چەندین ڕاهێنانی پراکتیکی و کارکردنی بەکۆمەڵی لەخۆگرتبوو لە پێناو باشتر فێربوونی ئەزموونەکان.
ئەم ڕاهێنانە یارمەتیدەر بوو لە بەهێزکردنی تواناکانی سەرکردایەتی، کارگێڕی، و دامەزراوەیی بەشداربووان، وەک پاڵپشتییەک بۆ ڕۆڵی یەکێتی و سەندیکاکانی کرێکاران لە پەرەپێدانی مافەکانی کرێکاران و ئازادیی ڕێکخراوەیی، لە هەمان کاتدا بەرزکردنەوەی ئەدا و کارامەیی دامەزراوەییان و توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کاریگەرتر بە ئەندامەکانیان.
ئەم چالاکییە بەشێکە لە پڕۆژەی "کاریگەریی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر کەمکردنەوەی نایەکسانی لە عێراق"، کە لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی و بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویجی جێبەجێ دەکرێت.






