لەپێناو دەستنیشانكردنی كێشە و گرفتەكانی كەرتی تەندروستی لەدەڤەری سۆران، ئەنجومەنی گەنجانی سەركردە ژمارەیەك لەشارەزایانی بوارەكە دیالۆگێكی رێكخست و تیایدا ژمارەیەك پێشنیار بۆ باشتركردنی دۆخی كەرتەكە خرانەروو.

 

ئەمە نۆیەمین دیالۆگی ئەنجومەنی گەنجانی سەركردەی سۆرانە كە لە22ـی 5ـی 2021 و بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامیدا، تیایدا دۆخی كەرتی تەندروستی و بارودۆخ و توانای نەخۆشخانەكان لەدەڤەری سۆران بەئامادەبونی كاروان بەڕێوەبەری گارگێڕی نەخۆشخانەی خەلیفان و ژمارەیەك خوێندكاری زانكۆ و ئەندامانی ئەنجومەنەكە، تاوتوێكرا.

 

بەشداربوانی دیالۆگەكە پێیان وابوو كە كەمی دەرمانی پێویست لەنەخۆشخانەكان و گلەیی و گازندەی هاوڵاتییان لەبارەی كەمی دكتۆری پسپۆڕ و كەمتەرخەمی و كەمی خزمەتگوزاری لەگرنگترین كێشە و گرفتەكانی كەرتی تەندروستین لەناوچەكەدا.

 

ئەنجومەنی گەنجانی سەركردەی سۆران یەكێكە لەو ئەنجومەنانەی كە لە15 كوڕ و 15 كچی چالاكوانی خۆبەخشی ناوچەكە پێكهاتووە و رێكخراوی ئاشتی و ئازادی سەرپەرشتیان دەكات و ئامانجیان ئەنجامدانی چالاكی خۆبەخشییە و دەیانەوێت تواناكانی گەنجان زیاتر بناسێنن.