بەمەبەستی گفتوگۆکردن و ئاگاداربوون و ئاڵوگۆر کردنی زانیاری لەسەر دۆسیە گرنگەکانی تایبەت بە ڕەوشی مافهكانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستاندا، هەروەها ئاگادار بوون لە پڕۆسەی پڕۆژە یاساکان ڕۆژی دووشەممە ٠٦/١٢/٢٠٢١، شاندێك لە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی سەردانی لێژنەی كاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ کرد لە پەرلەمانی کوردستان.
لەم دانیشتنەدا ؛ رێکخراوی ئاشتی و ئازادی کورتەیەك لە چالاکی و بەرهەمی پرۆژەکانی لە کتێب و نامیلکەو راپۆرت پێشکەش بە لیژنەکە کرد، هەروەها زانیاریان پێدان لەسەر ئەو پرۆژانەی کە ئێستا لە ئارادان و بواری گرینگی پێدانی هەردوولان.
بەشێکی تایبەتی دانیشتنەکە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر هەڵمەتی –پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی " نا بۆدەربازبوون لەسزا" کە رێکخراوی ئاشتی و ئازادی بە پشتگیری ڕێکخراوی (Impunity Watch) جێبەجێی دەکات.
لە ئەنجامی دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕابوون؛
لەهەموو دەرفەتێکی گونجاودا کاری هاوبەش بکەن لەسەر چەندین پرسی گرنگ لەوانە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان و لەسەر کێشەکانی تایبەت بە دادپەروەری ڕاگوزەر و پرسەکانی تایبەت بە یاسای کارو کرێکاری بیانی.