پێویستە یاسای نوێی كار لەهەرێمی كوردستان بەزووترین كات بخرێتە بواری جێبەجێكردن

لەچوار مانگی ئەمساڵدا 24 كرێكار لەكاتی كاركردندا گیانیان لەدەستداوە وزیاتر لەهەزاریش برینداربون

 

لەمانگی ئاداری ئەمساڵدا پەرلەمانی كوردستان یاسای كاری پەسندكرد وچەندین تایبەتمەندی گرنگی تێدایە لەخزمەتی كرێكاران وهەروەها ئازادی كاری سەندیكایی یدایە بۆ واقیعی ئەمڕۆی كوردستان سەرباری تێبینییەكانمان كە لەكاتی خۆی پێشەكەشی لایەنی پەیوەندارمانكردووە.

 

ئەوەی گرنگە پێویستە هەرچی زووە لەرۆژنامەی وەقائعی كوردستان دەقی یاسایەكە بڵاوبكرێتەوە ورێنماییەكانی جێبەجێكردنی دەربكرێت وبخرێتە بواری كردەییەوە، بۆ ئەوەی هەرچی زووە بابەتەكانی كەمترین ئاستی كرێ و ئەوانی دیكە كاری لەسەر بكرێت.

 

لەعێراقیش هەوڵێك لەلای حكومەتی عێراقەوە هەیە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 37ـی ساڵی 2015، ئەوەی كە بەلامانەوە گرنگە پێویستە ئەو هەموارە هەموو ئەو بنەما گرنگانە بپارێزێت كە لەخودی یاساكەدا هەیە وتایبەتە بەماف وئازادییەكان وپێویستە لەهەمواركردنەوەیدا یاساكە بەرەو باشتر ببرێت.

 

دیارە بۆ هەرێمی كوردستان وعێراق لەتەك پێداویستییە یاساییەكان، چەندین پێویستی دیكە هەن كە لای خوارەوە دەیخەینەڕوو، داوادەكەین كە حكومەت ولایەنە پەیوەندارەكان هەرچی زووە بەكاری خۆیان هەڵبستن:-

 

1- هەمواركردنەوەی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی وخانەنشینی كرێكاران لەعێراق وكوردستان بۆ ئەوەی گونجاو بێت لەگەڵ یاسا كاردا، هەروەها بگونجێت بەپێی پابەندییە نێودەوڵەتییە وستانداردە جیهانییەكان، هەروەها گونجاو بێت لەگەڵ واقیع و پێویستییەكانی كار لەهەرێمی وعێراقدا.

 

2- كۆتاییهێنان بەیاسای ژمارە 52ـی ساڵی 1987ـی ئەنجومەنی شۆڕشی عێراقی سەردەمی بەعس كە رێگری دەكات لەئازادی كاری سەندیكایی ودەركردنی یاسای نوێی رێكخستنی ئازادی كاری سەندیكایی لەعێراق وكوردستان كە كۆك بێت لەگەڵ یاسای نوێی كار وپابەندییە نێودەوڵەتییەكانی عێراق وكوردستان لەو بارەیەوە.

 

3- پەلەكردن لەجێبەجێكردنی ئەو سیاسەتانەی كە بۆ بواری سەلامەتی وتەندروستی پیشەیی لەلایەن هەردوو حكومەتەوە بەهاوكاری رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی دانراون، ژمارەی گیان لەدەستدانی كرێكاران لەشوێنی كار زیاد دەكەن، بەپێی تیمەكانی چاودێریمان كە چەندین ساڵە لەو بوارەدا كاردەكەین لەچوارمانگی رابردودا واتە لە1/1/2023 تاوەكو 30ـی نیسانی 2023 لەعێراق 14 كرێكار ولەهەرێمیش 10 كرێكار لەشوێنی كار گیانیان لەدەستداوە، هەروەها زیاتر لە1200 كرێكار برینداربون لەهەمان ماوە لەعێراق و كوردستاندا، ئەوەش پێویست دەكات كە:-

 

4-1: دانانی ژمارەیەكی زۆری پشكنەری سەلامەتی وتەندروستی پیشەیی وپێدانی دەسەڵات پێیان.

4-2: سزادانی هەموو ئەو خاوەنكار ولایەنانەی كە پابەندی سیاسەت ورێنماییەكانی سەلامەتی پیشەیی نابن.

4-3: جێبەجێكردنی سیاسەتی سەلامەتی وتەندروستی پیشەیی لەهەموو كەرتەكانی كار بەكەرتی گشتیشەوە.

4-4: قەرەبۆكردنەوەی هەموو ئەو كرێكارانەی كە دەبنە قوربانی لەكاتی كاركردندا،بە مووچەیەك كە بتوانێت ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین بكات.

 

4- زیاتركردنی پشكنەرانی كار وكاراكردنی رۆڵی نوێنەرانی یەكێتییە سەندیكاییەكانی كرێكاران ونوێنەرانی یەكێتییەكانی خاوەن كار.

 

5- پەسندكردنی رێككەوتنامەی نەتەوەیەكگرتوەكان تایبەت بەكرێكارانی بیانی وئەندامانی خێزانەكانیان وبەرجەستەكردنی لەیاسا ناوخۆییەكان وكۆتایهێنان بەبێ مافی وبەكوێلەكردنی كرێكارانی بیانی لەعێراق وهەرێمی كوردستان.

 

6- بەگڕخستنی نوسینگەكانی بەكارخستن، تۆماركردنی ناوی ئەوانەی بەدوای كاردا دەگەڕێن، تۆماركردنی زانیاری بێكاران وراهێنانیان وپێدانی بیمەی بێكاری وەك ئەوەی لەدەستوری عێراقدا هاتوە.

 

7- پێویستە حكومەتی هەرێم بەپابەندییەكانی خۆی بەرامبەر بەفەرمانبەران ومامۆستایانی گرێبەست هەڵبستێت، ئەگەر دەتوانێت دایانبمەزرێت بەپێی یاسای راژەی مەدەنی ئەگەرنا بەپێی یاسای كار مامەڵەیان لەگەڵ بكات بۆ ئەوەی دەستەبەر بكرێن وساڵانی خزمەتیان بەفیڕۆ نەچێت.

 

رێكخراوی ئاشتی و ئازادی

1ـی ئایاری 2023