لەدرێژەی كارو چالاكییەكانیدا، رێكخراوی ئاشتی و ئازادی كۆتایی بەخولێكی میدیای رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی هێنا كە بۆ ژمارەیەك گەنج لەهەولێر كردبویەوە.

 

خولەكە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوامبوو، رۆژی 21/1/2021 كۆتایی پێهات كە لەهۆڵی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی لەهەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا ژمارەیەك وانە و زانیاری دەربارەی كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و میدیای رێكخراوەكان خرایەروو.

 

لەخولەكەدا بەشێوەی تیۆری و پراكتیكی ژمارەیەك زانیاری و داتا وترانەوە كە گرنگترینەكانیان پێكهاتبوون لە(میدیا – گەنج – رێكخراوەكان) و (كاری بنكۆڵكاری لەمیدیادا و ئەتەكێتی میدیاكار) و (كاری چاودێری و هەڵسەنگاندان لەرێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیدا) و (جێندەر و میدیا و پەیوەندییان بەڕێكخراوەكانەوە) و (زانیاری دەربارەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و چۆنییەتی كاركردنیان، رێكخراوی ئاشتی و ئازادی بەنمونە) و (وێنەگرتن و ڤیدیۆگرتنی چالاكی رێكخراوەكان و دەستكاری و رێكخستنی وێنە و ڤیدیۆكان بۆ بڵاوكردنەوەیان) (دیزاینكردنی راپۆرتی رێكخراوەكان و سەرەتایەك دەربارەی بەرنامەی ئەدۆبی ئیندیزاین) و ...

 

لەكۆتایی خولەكەدا بڕوانامە بەخشرایە بەشداربوان و دەرگای خۆبەخشی بۆیان كرایەوە كە بڕیارە لەداهاتویەكی نزیكدا و بەمیكانزیمێكی تایبەت كاری خۆبەخشییان لەرێكخراوی ئاشتی و ئازادی درێژە پێبدەن.

 

رێكخراوی ئاشتی وئازادی، رێكخراوێكی ناحكومی و قازانج نەویستە، سەربەخۆیە لەكارو بڕیاردان، بڕوای بەكاری خۆبەخشی هەیە و كار بۆ سەقامگیری ئاشتی و پاراستن وداكۆكی لە ئازادییەكانی تاك و كۆمەڵ و پتوتركردنی مافەكانی مرۆڤ دەكات و بڕوای وایە ناتوندوتیژی تاكە رێگەیە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكان.