پرسی بێكاری و خزمەتگوزاری و دروستكردنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان و چەندین بابەتی دیكە ئەو پرسانەبون كە ئەنجومەنی گەنجانی سۆران لەشاری هەولێر و بەبەشداری ژمارەیەك لەكاربەدەستانی حكومی چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی تاوتوێیانكرد.

 

رۆژی پێنج شەممە 28ـی 1ـ 2021 ئەندامانی ئەنجومەنەكە لەكۆبونەوەیەكی فراواندا بەبەشداری بەشێك لەكاربەدەستانی حكومی و چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی و دەزگاكانی راگەیاندن، پرسەكانی بێكاری و هۆكار و چارەسەرییەكانییان تاوتوێكرد.

 

یەكێكی دیكە لەو بابەتانەی كە لەم چالاكییەدا خرایەروو، پرسی پەروەردە و كۆرۆنایە كە تیشكخراسەر ئەو كاریگەرییانەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر پرسی خوێندن و ئاستی زانستی قوتابیان دروستیكردووە.

هەردوو بابەتەكە بەبەشداری و گفتوگۆی ئامادەبوان دەوڵەمەندتركرا.

 

هەر لەچالاكییەكەدا سەرەڕای ناساندنی ئەنجومەنەكە و خستنە رووی بەشێك لەكار و چالاكییەكانیان، خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ئەو ئەندامانەی كە بەشداری خولی راهێنانی راهێنەرانیان TOT كردووە.

 

ئەنجومەنی گەنجانی سەركردە لەسۆران لە30 گەنج 15 مێ و 15 نێر پێكهاتووە و رێكخراوی ئاشتی و ئازادی سەرپەرشتییان دەكات، بەخشرا.

 

ئەم ئەنجومەنە بەشێوەی خۆبەخشانە كار و چالاكی ئەنجام دەدەن و گرنگی زیاتر بەپرسەكانی گەنجان دەدەن و هەوڵی دروستكردنی دەرفەتی زیاتری بۆ پیشاندانی هێزی گەنجان لەهەردوو رەگەز دەدەن.