ڕۆژی 28 / 9 / 2024 ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بازنەیەكی گفتوگۆی ڕێکخست لەبارەی: بارودۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵێک نوێنەری دەزگا حکومییەکان بەتایبەتی نوێنەرانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و وەوقاف و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و تەندروستی و نوێنەرانی دەزگا سەربەخۆکانی وەک کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و دەزگای پاراستنی ژینگە و کۆمیسیۆنی سەربەخۆی دەست پاكی.
لە دانیشتنەكە تیشک خرایە سەر توێژینەوەیەکی گشتگیر لەسەر کۆمەڵگای مەدەنی بەمێژوو و گەشەسەندن و لایەنە یاساییەکانییەوە.
لەم چالاکییە 25 نوێنەری دەزگا جیاوازەکانی حکومەت ئامادەی دانیشتنەكە بوون و دیالۆگێکی بەرهەمدار لەسەر ڕۆڵی گرنگی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کۆمەڵگاکانماندا ئەنجامدرا.
توێژینەوەکە لەلایەن ریكخراوی ئاشتی و ئازادی بە هەماهەنگی ریكخراوی UPP ـی ئیتالی و پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا پێشکەش کراوە. ئامادەبووان چالاکانە بەشداریان کرد و بیروڕا و تێڕوانینیان ئاڵوگۆڕ کرد کە گفتوگۆکەی دەوڵەمەند کرد.
لە کۆتاییدا ژمارەیەك ڕاسپاردە پیشكەش كران بۆ بەهێزکردنی توێژینەوەکە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕەنگدانەوەی سەرنجی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت.