سلێمانی( ٢-٣ی کانوونی یەكەم٢٠٢٤)
 
 
ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی و کۆمەڵەی چاودێری مافی مرۆڤی عێراق وۆرک شۆپێکی فراوانیان لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا، بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەم چالاكییە یەكێك بوو لە چالاكییەكانی چوارچێوەی بەرنامەی "گەشەپێدان ٢"دا کە لەلایەن ڕێکخراوی "پردێك بۆی" (UPP ئیتاڵییەوە جێبەجێ دەكرێت، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ڕێکخراوی مەسەللە بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و بە پارەداركردنی لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە.
 
لە وۆرک شۆپەکەدا هەریەک لە بەڕێزان ئەحمەد ئەلغالبی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە عێراق و هەردی ئەحمەد جێگری سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان بەشداربوون هەروەها سەرۆکی بەشەكانی تۆمارو و یاسایی لە فەرمانگەكە.وێڕای بەشداری نوێنەری زیاتر لە 30 ڕێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
 
لە ماوەی دوو ڕۆژدا چەندین تەوەر تاوتوێ کران دەربارەی بابەتی ڕێکخراوەیی و ژینگەی کارکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، لە نێوانیشدا بابەتەکانی پەیوەست بە تۆمارکردنی ڕێکخراوەکان، ڕاپۆرتی دارایی، ڕاپۆرتی چالاکییەکان، بابەتە کارگێڕییەکان، و هەژماری بانکییان ، جگە لە ئەو گرفتانەی رووبەرووی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەبنەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان وە هەروەها پێداویستییەکانی هەردوو فەرمانگەكەی عێراق و كوردستان.
 
جگە لەوانەش گفتوگۆ لەسەر پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە عێراق و ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان کرا. جگە لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان.
 
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیار پەسندكران سەبارەت بە پەرەپێدانی ژینگەی کارکردن بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە ئاستی تۆمارکردنی رێكخراوەكان و راپۆرتەكانی ساڵانەیان بۆ هەردوو فەرمانگە.
 
شایەنی باسە لە پەراوێزی وۆركشۆپەكەدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدران بەتایبەتی بۆ شاندی فەرمانگەی بەغدا كە سەردانی هەرێمیان كردبوو، لەوانە کۆبوونەوە لە نێوان نوێنەرانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە عێراق و هاوتاکەی لە هەرێم ئەنجامدرا، جگە لە سەردانێکردنی مۆزەخانەی ئەمنە سورەکە لە سلێمانی(مۆزەخانەی بەشێك لە تاوانەکانی بەعس لە هەرێمی کوردستان)، هەروەها سەردانێکردنی ئارامگەی سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی.پاشانیش سەردانی سەردانی چەندین ناوچەی كلتووری و رۆشنبیری دیكە لە پارێزگای سلێمانی.
 
ڕیكخراوەی ئاشتی و ئازادی و هاوبەشەکەی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، کاردەکەن بۆ ڕێکخستنی وۆركشۆپێكی هاوشێوە لە بەغدا لە داهاتوویەکی نزیکدا.