بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ژنان بۆ ژنان، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی، ڕاهێنانێکی دوو ڕۆژەی لە شاری موسڵ ڕێکخست بە بەبەشداری ١٢ ئافرەت لە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوان، و گەنجانی دەرچووی بەشەکانی ڕاگەیاندن.
لە یەکەم ڕۆژی ڕاهێنانەکەدا کە لە ڕێکەوتی ٢١/١/٢٠٢٥ بەڕێوەچوو چەند بابەتێکی گرنگ لەگەڵ بەشداربووان تاوتوێ کران. لەسەرەتای ڕاهێنانەکەدا تیشک خرایە سەر لەبەرچاوگرتنی دیدگای مافی مرۆڤ لە کاری میدیاییدا، و کاریگەریی گوتاری ڕق لێبونەوە کە ئاراستەی ئافرەت دەکرێت لە ڕێگای میدیاوە. هەروەها گفتوگۆکرا لەسەر پرسەکانی ئافرەت و ڕۆڵی میدیا, لەهەمان کاتدا بەشداربووان تاوتوێی تێڕوانینی هەڵەی باویان کرد کە ڕۆڵیان هەیە لە پەراوێزخستنی ئافرەتان لە ناوەڕۆک و کاری میدیایی.
لە ڕۆژی دووەمی ڕاهێنانەکەدا، ١/٢٢/ ٢٠٢٥ سەرنجی گفتوگۆکان گۆڕدران بۆ سەر هەندێک بابەتی جەوهەری، لەوانەش قۆناغ و بنەماکانی کاری ڕۆژنامەوانی، ڕاپۆرتکردنی هەواڵ،پێکهاتەی چیرۆک و ڕەگەزەکانی ،چۆنیەتی نووسینی چیرۆک، و پوختەی ڕۆژنامەوانی. جگە لە گفتوگۆی تیۆری، بەشداربووان چەند چالاکیەکی پراکتیکیان ئەنجامدا، بەتایبەتیش بەرهەمهێنانی چیرۆکی تاکەکەسی و لەبەرچاوگرتنی مافەکانی مرۆڤ، پێشکەشکردنی ئەم چیرۆکانە و گفتوگۆکردنیان لەنێو بەشداربووان.
ئامانج لەم راهێنانە زیادکردنی زانیاری ئافرەتی گەنج بوو لە بواری میدیا و ڕۆژنامەگەریدا لەگەل پەرەپێدان بە تواناکانی سەرکردایەتیکردنیان، بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەرتر و ئەرێنیتر لە کۆمەڵگاکانیاندا بگێڕن.
ئەم چالاکییە بەشێکە لە پڕۆژەی (ژنان و ئاشتی)، کە لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بە هاوبەشی لەگەڵ [ڕێکخراوی ژنان بۆ ژنان] ی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێت کە پارەدارکراوە لەلایەن سندوقی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەریتانی.