سەرەتایەك بۆ هەڵسەنگاندنی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان

لێژنەی تایبەت-رێكخراوی ئاشتی و ئازادی 2020

 

 

پێشەكی :

لەعێراق و هەرێمی كوردستاندا،دەستەبەرنەكردنی سەلامەتی و تەدروستی پیشەیی یەكێكە لە گرفتە گەورەكان كە بەهۆیەوە ساڵانە دەیان كرێكار لە شوێنی كاردا دەبنە قوربانی چ بەوەی گیان لەدەستدەدەن یاخود بەشێك لە ئەندامانی جەستەیان لەدەستدەدەن.هەموو ئەوانی دیكەش لەبەردەم ئەو مەترسیەدان.

 

گرفتەكانی بەردەم نەبوونی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی زۆرن لەلاوازی چوارچێوەی یاسایی تایبەت بەو بوارە و نەبوونی رێنمایی تۆكمە و نەبوونی ناوەندی راهێنان و تا دەگاتە لاوازیی و كەمی لێژنەكانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی و كارانەبوونی سەندیكاكانی كرێكاران لەو بوارو گەلێكی دیكە.نەبوونی هوشیاری لەبارەی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیش هەم لەلایەن كرێكاران و نوێنەرانیان هەمیش لە ریزی خاوەن كار و رێكخراوەكانیان یەكێكە لە گەورە كۆسپەكانی بەردەم تۆكمە كردنی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا.

 

ئەم هەڵسەنگاندنە كورتە لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی كرێكاران و خاوەنكارەكانی عێراق ئەنجام دراوە. مەبەستیش لە ئەنجامدانی پلان دانان بوو بۆ خولێكی راهێنان بۆ نوێنەرانی كرێكاران و خاوەنكاران وەك ئامانجێكی نزیك،لەدوور مەوداشدا ئامانجمان برتیە جگە لەگەڵ نوێنەرانی كرێكاران و خاوەنكاران كار بكەین لەگەڵ حكومەت و پەرلەمان لەعێراق و هەرێمی كوردستان بۆ تۆكمە كردنی بواری سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە رێگەی یاسای هاوچەرخ و رێنمایی و سیاساتی شیاوو لەبار بەپێی ستانداردە نێو دەوڵەتییەكانی تایبەت بەو بوارە لە پێناوی پاراستنی گیانی كرێكاران و پەرەپێدان بەسەروەت و سامانی نیشتمانی.

 

یەكەم: چوارچێوەی یاسایی ناوخۆیی

بەپێی چوارچێوەی هەردو یاسای كاری عێراقی،یاسای ژمارە 37ی ساڵی 2015 كە لە عێراقدا جێ بەجێ دەكرێت.هەروەها بەپێی یاسای ژمارە 71 ی ساڵی 1987 كە لەهەرێمی كوردستان جێ بە جێ دەكرێـت. نە لە عێراق و نە لە هەرێمی كوردستان نوێنەرانی رێكخراوەكانی كرێكاران و خاوەن كاران ئەندام نین لە لێژنەكانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی.بەڵكو كراونەتە ئەركی سەنتەری نیشتمانی بۆ سەلامەتی و تەندروستی لە بەغدا ، لەهەرێمی كوردستانیش كاری 6 لێژنەكەی سەلامەتی و تەندروستی پیشەییە كە سەر بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتین.

 

سەنتەری نیشتمانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیش تاوەكو ئێستا یاسایەكی نیە لە بەغدا. هەروەها لیژنەكانی هەرێمی كوردستانیش تاوەكو ئێستا رێنماییەكی نوسراوی تۆكمەیان نیە كە كاری لەسەر بكەن.جگە لەوەی كە ژمارەی لێژنەكانیان زۆر كەمەو فریای پشكنینی تەواوی ناكەون.

 

ئەگەر چی لەهەردوو یاساكەی عێراق و هەرێمی كوردستاندا،رێنمایی ورد هەن بۆ سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی،بەڵام نوێنەرانی رێكخراوەكانی كرێكاران دڵنیا نین لەوەی كە بەباشی جێبەجێ دەكرێت،پاساویشیان ئەوەیە كە ساڵأنە كرێكاری قوربانی زۆر هەن ئەگەر رێنماییەكان وەكو خۆیان جێبەجێ بكرێن ئەو هەموو قوربانیە نابن!

 

نوێنەرانی هەردوو رێكخراو پێیان وایە دەبێت لە بواری یاسایدا هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەم كارانە بكەن:

1-لەبەر رۆشنایی رێكەوتنامە و رێنماییە نێودەوڵەتییەكان چوارچێوەی یاسایی و رێنماییە ناوخۆییەكانی عێراق و كوردستان پێداچوونەوەی بۆ بكرێت لە بواری سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی.

2-پەلە بكرێت لە دەركردنی یاسای سەنتەری نیشتمانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە عێراق.لە هەرێمی كوردستانیش ناوەندێك بۆ سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی دابمەزرێندرێت.

3-نوێنەرانی رێكخراوەكانی خاوەن كار و كرێكاران لە سەنترەكاندا هەبن.لە لێژنەكانی سەلامەتی و تەندروستی هەبن.

4-رێنماییەكانی كار و دەسەڵاتی لێژنەكانی سەلامەتی و تەندروستی بەوردی بنوسرێنەوە.

5-ژمارەی لێژنەكانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی زیادبكرێن.

6-عێراق پابەندی خۆی بۆ رێككەوتنامە و رێنماییە جیهانییەكانی بواری سەلامەتی و تەندروستی رابگەیەنێت.

 

دووەم: تواناسازی نوێنەرانی رێكخراوەكانی كرێكاران و خاوەنكاران

لەبەر ئەوەی كە نوێنەرانی رێكخراوەكانی كار و خاوەنكاران دەسەڵاتیان نەبووە لە بواری سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی و بەهۆی نەبوونیان لە سەنتەری نیشتمانی و لیژنەكانی سەلامەتی تەندروستی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا،بۆیە زۆر گرنگیان بە بوارەكەنەداوە!

 

لەلایەكی دیكەوە بەهۆی ئەوەی سەندیكاكانی كرێكاران تاوەكو ئێستا گرفتی شەرعیەتی یاساییان هەیە و یاسایەك نیە دان بەفرەییاندا بنێت نەیانتوانیوە گرنگی بە هەموو بوارەكانی كاری خۆیان بدەن بەتایبەتی پرسی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی. لەتەك ئەوانەشدا یەكێك لە گرفتەكانی دیكە رێكخراوە ناحكومییەكانی عێراق و كوردستان زۆر گرنگیان بە كاری هاوبەش و پرسی كرێكارو خاوەنكار نەداوە نەتوانراوە لەماوەی رابر وودا خوولی تایبەتمەند بۆ رێكخراوەكانی كرێكاران و خاوەنكارەكان بكەنەوە.

 

ژمارەی ئەو رێكخراوانەی كە لەو بوارەدا كاردەكەن زۆر كەمن. ئەوەی لە 5 ساڵی رابردوودا كراوە لەگەڵ سەندیكاكانی كرێكاراندا زیاتر دوو لایەن بوون،یەكەمیان (سۆڵیدارێتی سەنتەر) كە ناوەندێكی ئەمریكایی و هاوكاری رێكخراوەكانی كرێكاران دەكات،ئەوەی دووهەمیشیان رێكخراوەكەی ئێمە( رێكخراوی ئاشتی و ئازادی).بەڵأم بە شێوەیەكی گشتی ئەو خولانەی كردویانەتەوە تایبەت بووە بە پرسی رێكخراوەكانی كرێكاران بەگشتی و لە نێویاندا بابەتی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی هەروەها خوولی تایبەت بۆ لیژنەكانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی.

 

ئەوەی لەبورای سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی دەكرێـت ئەوەیە كە لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان دەكرێت لە ئاستی شوێنی كار كە هەندێك لێژنە هەن و هەندێك راهێنانی خێرا هەن،بەڵأم گرفتی سەرەكی ئەوەیە كە لە ئاستی سەركردایەتی هەردوو رێكخراو هەروەها بەرپرسە ناوەندییەكانی هەردوو رێكخراو تواناسازییان بۆ نەكراوە و روانینێكی روونیان نیە بۆ پرسی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی .

 

یەكێكی دیكە لە گرفتەكانی تواناسازی لە بواری سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كەمی راهێنەرە لەو بوارەدا.راهێنەراانی بواری كارو سەلامەتی پیشەیی زۆر دەگمەنن بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستاندا.

 

لە گفتوگۆمان لەگەڵ نوێنەرانی رێكخراوەكانی كرێكاران و خاوەنكارەكان بۆمان دەركەوت كە پێویستییەكانی راهێنان بریتییە لە:

1-كردنەوەی خول و ۆركشۆپی تایبەت بە سەركردایەتی و كادیرە ناوەندییەكانی رێكخراوەكانی كرێكاران و خاوەنكاران بۆ تواناسازیان لەبواری پێوەر و یاسا و رێنماییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی بواری سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی .هەروەها لەبارەی لایەنەكانی سەلامەتی پیشەیی و ئامانج و گرنگییەكانی.دواتریش لەبواری مەترسییەكان و خۆپارێزی.

 

2-یارمەتیدانی نوێنەانی هەردوو بوار بۆ پەرەپێدان بە نووسینەوەی ستراتیجی كاركردن لەبواری سەلامەتی و تندروستی پیشەیی.

 

3-ئامادەكردنی رێبەری راهێنانی تایبەت بە سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی بۆ دوو ئاست،ئاستی سەرەتایی و ئاستی تایبەت و شارەزایان بە پێی پێوەرو تایبەتمەندی عێراقی.

 

4- ئەنجامدانی خوولی راهێنانی راهێنەرانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی بەهاوكاری رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی بۆ دروستكردنی ژمارەیەك راهێنەری ناوخۆیی لە عێراق و كوردستاندا.بەتایبەتی گرنگیدان بە راهێنەری گەنج و ئافرەت.

 

5-راهێنانی لێژنە و بەرپرسانی سەلامەتی پیشەیی لە ئاستی شوێنەكانی كار لەعێراق و هەرێمی كوردستان.