ئارام کریم - كركوك 

 

كاركردنی منداڵان لە بازاڕ و شوێنی گشتیی و شەقامەكانی كەركوكدا، دیاردەیەكی بڵاوە. لەم ڕاپۆرتەدا هۆكارەكانی پشت كاركردنی منداڵان و كاریگەری لەسەر داهاتوویان دەخەینەڕوو، سەردانی لایەنی پەیوەندیدار و پسپۆِران دەكەین و مەترسی ئەم دیاردەیە تاوتوێ دەكەین. ئایا كاركردنی مندڵان تاچەند لەگەڵ بەندەكانی مافی مرۆڤدا یەك دەگرێتەوە؟ چەندین پرسی گرنگ و هەستیاری دیكە لەم ڕاپۆرتە مەیدانییەدا دەدەینە بەرباس.

 

چەندین باند و تۆڕ لە پشت كاركردنی ئەو منداڵانەن كە لە شەقامەكاندان

 

پۆلیسی كەركوك بۆ بنەبڕكردنی دیاردەی كاركردنی منداڵان هەوڵەكانیان خستۆتەگەڕ و لەماوەی ڕابردووداچەندین گروپ و لایەنیان دەستگیر كردووە و بۆیان ئاشكرابووە كە  چەند باندێك لە كەركوك لە پشت كاركردنی ئەو منداڵانەن كە لەسەر شەقامەكاندان.

لەو بارەیەوە عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك رایگەیاند: «هەوڵەكانمان بۆ رێگریكردن لە كاركردنی منداڵان بەردەوامە و لە رابردووشدا چەندین گروپ و لایەنمان دەستگیر كردووە و رووبەڕووی دادگامانكردوونەتەوە»، وتیشی: «ئەو گرووپانە منداڵیان بۆ كاركردن و راكێشانی سۆزی هاوڵاتییان بەكارهێناوە».

 

بەپێی جاڕنامەی مافەكانی منداڵ لە نەتەوە یەكگرتووەكانیش، رێگە بە كاركردنی منداڵی خوار 18 ساڵ نادرێت، تەنها لە هەندێك حاڵەتدا ئەو كەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 14 ساڵەوەیە دەتوانن لەژێر چاودێری كەسی یەكەمی خێزاندا كار بكەن بە مەرجێك كارەكە قورس نەبێت.

 

خوێندن مافێكی سەرەتایی منداڵە و نابێت لێی بێبەش بكرێت

 

توێژەری كۆمەڵایەتی ئەو مەترسییانە دەخاتەڕوو كە ڕووبەڕووی ئەو منداڵانە دەبێتەوە كە لەسەر شەقامەكاندا كاریان پێدەكرێت.

 

هێمن كامیل، توێژەری كۆمەڵایەتی رایگەیاند: «ئەو منداڵانەی لە شەقامەكان و شوێنەگشتییەكاندا كار دەكەن، راستەوخۆ كاریگەری خراپی لەسەر داهاتوویان دروست دەبێت، بەهۆی ئەوەی دادەبڕێن لە پڕۆسەی خوێندن و لە چاودێری خێزانەكانیان دوور دەبن ، جگە لەوەی ئەگەری زۆریش هەیە توشی دەستدرێژی سێكسی و ئازاری جەستەیی ببنەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر تەواوی ژیانی درووست دەكات».

 

منداڵان لە بەرانبەر بڕە پارەیەكی كەمدا كاریان پێدەكرێت

 

ئاژانسی ئانادۆڵَ بڵاویكردووەتەوە، سەدان منداڵی ئاوارە لە بازاڕە ناوخۆییەكان لە پارێزگای كەركوك كاردەكەن و لەبەرانبەردا بڕەپارەیەكی زۆركەم وەردەگرن، هەندێك لە دووكاندار و خاوەن كارگەكان ئەم لاوازییەی منداڵان لە بەرانبەر داواكردنی مافەكانیان بە فرسەت دەزانن و كارەكانیان بە منداڵان دەكەن، كە پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكان جەختدەكەنەوە لە پاراستنی مافی منداڵان و گەنجان لە ئیستغلالكردنی ئابووری و كۆمەڵایەتی.

 

كەمی هۆشیاری خێزان لە پەروەردەكردنی منداڵ

 

لە ئەنجامی گەڕان و بە دوواداچوونی مەیدانیماندا و وەرگرتنی لێدوانی منداڵەكان  بۆ زانینی هۆكارەكانی پشت كاركردنیان بەو رێژە بەرچاوەی لە كەركوكدا هەیە، ئەوەمان بۆدەركەوت، زۆرێك لە خێزانەكان بە تایبەت ئەو ئاوارانەی لە شارەكەدا هەن، خۆیان منداڵەكانیان ناچار دەكەن بۆكاركردن و پێیان وایە منداڵ دەبێت هەر لە تەمەنێكی كەمەوە ئاشنایی كاركردن و ناو بازاڕببێت.