گەشاو خالید 

 

گێچەڵی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم پلاتفۆڕمەکان خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێت بە دیاردە، بەپێی بەدواداچونەکانی چالاکوان و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی ژنان ، زۆربەی ئەو کەسانەی رۆژانە رووبەڕوی گوشار دەبنەوەو پەنا بۆ تۆمارکردنی سکاڵا دەبەن لەرێکخراوەکان ،بەهۆی کێشەی گێچەڵی ئەلکترۆنیەوەیە،زۆرێک لەژنانی قوربانی ئەو حاڵەتانە بەهۆی داخراوی ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدان ناچار دەبنە قوربانیی.

شەیما ناوێکی خوازراوە،کە خانمێکی تەمەن ٢٦ ساڵانی پڕ لە ویقاڕ و جوانییەکی تایبەتە،شەیما کە هاوسەرگیری کردووەو خاوەنی منداڵێکی تەمەن٢ساڵانە گیرۆدەی کێشەیەکە هۆکارەکەی گێچەڵی ئەلیکترۆنییە،شەیما کە نەیدەویست ناوی راستەقینەی و روخساری دەربکەوێ ،ویستی ئەوەی هەبوو چیرۆکی تێوەگلانی بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەک بۆ کچ و ژنانی دیکەی کۆمەڵگەکەی،

شەیما گووتی”کێشەکەی لەوکاتەوە دەستی پێکرد کاتێک ئێوارەیەکی نزیک لە خۆر ئاوابوون زەنگی موبایلەکەی بەئاگای هێنا و بینی نامەیەکی لەماسنجەرەوە بۆ هاتووە و نوسراوە”سڵاو تۆ کەسێکی زۆرباشی و من دەتناسم و دەمەوێت ببین بە هاوڕێ؟

شەیما گوتی”کەسایەتیی ئەو لەوجۆرە مرۆڤانەیە حەز بە ناسینی خەڵکی باش دەکات و دڵێکی گەورەی هەیە بۆ هاوکاری و دۆستایەتی مرۆڤی باش،بۆیە پێی وابووە”هەرچی لەنامەکەدایە راستی ناخی کەسەکەیە)

 

ئیدی لە پاش وەڵامدانەوەی ئەو سڵاوە، وەڵام و وەڵامکاری دروست بوو، بەتێپەڕبوونی کات کەوتینە نێو دنیای هاوڕێیەتی ، بەجۆرێک سۆز و خۆشەویستی لەنێوانمان دروست بوو ، وای لێهات ڕۆژانە قسەمان دەکرد و بەردەوام لە پەیوەندیدابوین ،دۆخی تایبەتی ژیانی من وای لێکردم، هەندێ کات پێویستم پێی هەبوو پرس و رای لەگەڵ بکەم و پەیوەست بووبووم پێوەی ، پاش ماوەیەک قسەکردن متمانەیەکی زۆرم پێی هەبوو،ئەو متمانەیە بەس بوو،تا کۆنتڕۆڵ لەدەست بدەم،رۆژێک داوای وێنەی تایبەتی لێکردم .. بەو پێیەی کە من متمانەی زۆرم پێی هەبوو ، بەبێ ترس و دوو دڵی هەر زوو چەند وێنەیەکی تایبەت و جیاوازم بۆینارد.

شەیما گوتی”لەگەڵ ناردنی وێنەکان خورپەیەک دڵی راچڵەکاندم،بەڵام دڵپاکی خۆم و بوونی ئەو متمانەیەی نێوانمان تاڕادەیەک نەمدەویست دوو دڵم بکات،کەچی دوای ناردنی وێنەکان ، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک کوڕەکە نە دەنگی هەبوو،نە کۆمێنتی لەسەر وێنەکانمدا،کێشەکە لێرەوە دەستی پێکرد “پاش ئەو چەند رۆژە، شەوێکی درەنگ وەخت نامەیەکم بۆ هات لەو کوڕەوە،تێیدا نوسرابوو”ئەگەر بڕی ٥ ملیۆن دینارم پێنەدەی ، سەرجەم ئەو وێنانەی بۆ منت ناردوون بڵاویان دەکەمەوەو ئابروت دەبەم!

شەیما بەردەوام بوو لە باسکردنی چیرۆکەکەو گووتی”ئێمە خێزانێکی هەژاربووین و توانای داراییمان سنورداربوو ، نەمدەتوانی ئەو بڕە پارەیە بدەم، لەرووی دەروونییەوە کەوتمە گێژاوێکی قوڵ و زەحمەتەوە،هەموو دەرگاکانم بەروودا داخران،نە دەمتوانی پەنا بۆ هاوسەرەکەم ببەم و نە خزم و دۆستانی خۆم،وە نە ئەو متمانەیەم بە کەسێکی دیکە هەبوو تا هاوکارم بێت لەچارەسەری کێشەکە،بۆیە بەناچاری بە نهێنی هاوسەرەکەمەوە پەنام بۆ ڕێکخراوەکانی مافی ژنان برد ،هاتم سکاڵام لە سەر ئەو حاڵەتە تۆمارکرد،بەسوپاسەوە بەر لەوەی کار لەکار بترازێ و بە ئەمانەتەوە رێکخراوەکان هاوکارم بوون هەم لەوەی تواندرا تۆمەتبارەکە کە کوڕە فێڵبازێک بوو لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و هەم کەسایەتیم بۆ گەڕێندرایەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق ، ساڵی ٢٠٢١ لە تەواوی عێراقدا ٢٠٠٠ هەزار حاڵەتی گێچەڵی ئەلیکترۆنی تۆمارکراون ، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕێژەکە بەرزبۆتەوە بۆ ٣٠٠٠ هەزار حاڵەت، بەپێی هەڵسەنگاندنی رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان زیادبوونی حاڵەتەکان مەترسیەکی گەورەن بۆ داهاتوی بە کارهێنانی سۆشیال میدیا لەلایەک و دۆخی ژنان لەکۆمەڵگەی عێراقی لەلایەکی دیکەوە،هەندێک لەرێکخراوەکان زۆربەی دۆسێکانیان رۆژانە پەیوەستن بە چارەسەری قوربانیانی گێچەڵی ئەلیکترۆنیەوە

 

سرود ئەحمەد ، بەرپرسی ریکخراوی هیوای عێراقی (جمعیە الامل العراقیە) لەکەرکوک رایگەیاند” بەشی هەرە زۆری ئەو ئافرەتانەی دێنە لامان رووبەڕووی گێچەڵی ئەلکترۆنی بوونەتەوە،بەشێک لەکەیسەکان قوربانی ژنانی بەدواوەبووەو بەشێکی دیکەشی زوو بەهایەوە چووین و چارەسەرمان کردوون ، گوتیشی”گێچەڵی ئەلیکترۆنی ئێستا خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە و زۆر بەربڵاوە،

ئەو بەرپرسەی رێکخراوی هیوای عیراقی کە تایبەتمەندن بە دۆخی ژنان و منداڵان دەڵێت” بە پێی ئەو بەدواداچونەی کردویانە ،لە دوو ساڵی رابردوو حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەرگیری بەشێکیان پەیوەستن بە دوو هۆکاری سەرەکی - خیانەتی ژن لە پیاو یاخود پێچەوانەکەی. ... و گێچەڵی ئەلیکترۆنی کاتێک کە تووشی یەکێک لە ئەندامانی خیزانەکە دەبێت،و دەچێتە ژێر رکێفی هەرەشەکەوە بە ناچاری بۆ ئەوەی ئابڕوی نەچێت ، لە هاوسەرەکەی یاخود بە پێچەوانەوە جیا دەبنەوە.

 

گێچەڵی یٔەلیکترۆنی سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەر ژیانی خێزان لەکۆمەڵگەو دۆخی تاک ،هاوتەریبن لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و زیاتر ئالودەبوونی تاک بە سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان،کە بەرۆکی ژنان و کچانی گرتووە و بەهۆیەوە گێچەڵکاران هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەربەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، وە ھەندێکیان بە مەبەستی بە دەستھێنانی بڕێک پارە ئەو کارە دەکەن، هەندێکی دیکەشیان لەبەرامبەر حەز و یٔازارە خودییەکانیان بۆ خۆ بەتاڵکردنەوە هەڕەشە دەکەن.

بەپێی زانیاری دەزگا ئەمنییەکان تەنیا لە ماوەی مانگی ڕابردوو، چوار حاڵەتی گێچەڵی یٔەلکترۆنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرا کراون،تۆمەتبارانیش دەستگیرکراون ، بە پێی گوتەی چالاککوانانی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان، دەیان حاڵەتی دیکەی هاوشێوە هەن بەڵام بە هۆکاری ترس و یٔابڕونەچوون تائێستا سکاڵا تۆمار ناکەن و نەتواندراوە چارەسەربکرێن،ژنانیش کە قوربانی یەکەمی ئەو دیاردەیەن بەترس و دوو دڵییەکی زۆرەوە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنن،یان ناچارن بەناو و وێنەی خوازراو ئەکاونت دروست بکەن