هوشمەند مەحمود كاكەیی
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ساڵ لەدوای ساڵ، ڕێژەکە زیاتر دەکات و دیاردەکە بەرفراوانتر دەبێت.
هەڵکشان و بەرزبوونەوەی ژمارەی تەڵاق بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر کۆمەڵگەی عێراقی،تەڵاق وەک هەموو دەزانین واتە جیابوونەوەی هاوسەرەکان، کە وازهێنان لە ژیانی هاوبەش، هۆكارەكانی تەڵاق و جیابوونەوەی خێزانەكان زۆرن و جیاوازن لە یەكتر هاوسەرگیری پێشوەختە، خراپی دۆخی ئابووری، توندووتیژی خێزانی، لەسەرەكیترین هۆكارەكانن بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە لە عێراق.
مەسعود خورشید پارێزەر لە دادگای کەرکوک دەڵیت : ڕۆژانە بەردەم دادگەکان جمەیان دێت، جانتاکانمان پڕە لە حاڵەتی جیابوونەوەی سەیر و سەمەرەی، تێیاندایە لەسەر یەک لایک یاخود لەسەر یەک کۆمێنت لە هاوژینەکەی خۆی جیابووەتەوە. ئەو پارێزەرە دەڵیت بە بۆچوونی من زۆرێک لە هۆکارەکانی ئێستای جیابوونەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی کەسی هەڵە و کاتی هەڵە بۆ هاوسەرگیری.”
خورشید ؛ئاماژە بەوە دەکات بەداخەوە ئەمڕۆ گەنجان بەبێ هۆشیاری جددی هاوسەرگیری دەکەن. دوا شت کە گەنجەکانمان لە ژیانی هاوسەرگیریدا بیری لێدەکەنەوە ئەوەیە کە ئایا دەتوانن ئەم بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن یان نا.”
ئەو پارێزەرە باسی لەوە کرد ئەو کەیسانەی لە ئێستادا لە سەروبەندی جیابوونەوەدان زۆربەیان بەهۆی، قەیرانی ئابوورییەوە، چونکە تا قەیرانی ئابووریی زیاتر بێت کاریگەری لەسەر داهاتی خێزان دەبێت و ئەگەرەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان زیاتر دەبێت، هەروەها خیانەتی هاوسەری بەتایبەت لە سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە دەرفەتی هەڵخەڵەتاندن و فێڵلێکردن و خیانەتپێکردن زیاتر دەکات.
دەریا موراد توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵیت؛ ساردی پەیوەندی نێوان هاوسەرەکاندا تەکنەلۆژیایە ،هاوسەرەکانی لە یەک ماڵدا پێیان باشترە کات لە سۆشیال میدیا بەسەر بەرن نەوەک لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ بکەن.
ئەم توێژەرە ئاماژە بەوە دەکات ڕیژەی تەڵاق بەداخەوە کە دەبینین ڕۆژانە لە هەڵکەشاندایە، پێویستە حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان، هەتا زووە لێکۆڵینەوەی زانستی و ھەڵسەنگاندنی بارودۆخەکەبکرێت و رێگەچارەی گونجاو و ئەقڵانی بگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی ریژەی جیابوونەوە
شارەزایان جەخت لەوەش دەکەنەوە، ئەمە کارەساتە بۆ جێگیری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا، لە داهاتووشدا هەزاران خێزان لەیەکتر جیادەبنەوە و منداڵان باجی ئەم هەڵوەشاندنەوە خێزانییە دەدەن.
میدیا جەلال جالاکوانی بواری ژنان: تەڵاق بە ئاشتیانە و باشترین چارەسەر دادەنرێت بۆ زۆرێک لە هاوسەرگیرییە ناجێگیرەکان، بەڵام لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا مەترسییەکەی لەسەر کاردانەوەی لایەنەکان و کاریگەرییەکانیانە. زۆربەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە دەبنە هۆی دوژمنایەتی و ناکۆکی لەنێوان خێزانەکانی ئەو دوو هاوسەرەدا کە کاریگەری لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی هەیە. نەبوونی سەربەخۆیی دارایی بۆ زۆرێک لە ژنان لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا کە دوای جیابوونەوە بوونی منداڵان، کە گەورەترین قوربانین، و ئەو کاریگەرییانەی کە دەکەونە سەریان پێویستیان بە توێژینەوە و ڕاپۆرتێکی دیکە هەیە بەهۆی قووڵی و جددییەوە.بە ڕای من کێشەکە لە تەڵاقدا نییە هێندەی دوای تەڵاقە،
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەسەر ماڵپەڕی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە 73 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە ساڵی 2021 لە عێراق تۆمارکراوە،
ولە ساڵی 2022 دا لە سەرتاسەری عێراق 70 ھەزار حاڵەتی جیابونەوە تۆمار کرا. ولە ساڵی 2023 دا، نزیکەی 70 هەزار جیابوونەوە بەهۆی هۆکاری جۆراوجۆرەوە، لەوانە هاوسەرگیری پێشوەختە و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە ئەو دوو هاوسەرە تووشی بوون، هەر بەپێی سەرژمێرییەكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، ڕێژەی جیابوونەوە لە هەڵکەشاندایە. رۆژانە زیاتر لە 200 حاڵەت تۆمار دەكردوە، لە مانگی کانونی دووەم ئەم سال 2024 ( 7 هەزار و 453 ) حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە پارێزگاكانی عیراق تۆمار كراون جگە لە هەرێمی کوردستان.