باكگراوندی مافی ئازادی بیروڕا له‌ عێراق و كوردستان
عه‌بدوڵڵا خالید
به‌پێی داوین راپۆرتی تۆڕی سه‌نه‌د،كه‌ تۆڕیكی هه‌رێمایه‌تییه‌ و كار له‌سه‌ر چاودێریكردنی پێشێلكاریمافی مرۆڤ ده‌كات ،عێراق له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2016 دوهه‌مین وڵاته‌ له‌پێشێلكردنی مافی ئازادی رۆژنامه‌نووسان.چونكه‌ ته‌نها له‌ مانگی كانوننی دووهه‌می 2016 دا 35 پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان كراوه‌.(1)
به‌پێی راپۆرتی یوپی ئار له‌ ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یكگرتووه‌كان عێراق له‌ كۆتایی ساڵی 2014 مافی ئازادی ده‌ربڕین له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان پارێزراو نیه‌ و،چه‌ندین راسپارده‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌عێراق كراوه‌ و عێراقیش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ توصیاته‌كانی 165و 166و 167 و 168 و 170و 171ی په‌سندكردووه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مافی ئازادی بیروڕاو پته‌وكردنی ئه‌و مافه‌.(2)
به‌پێی راپۆرتی ساڵی 2015ی رێكخراوی په‌یامنێرانی بێ سنووریش له‌ كۆی 180 وڵات ، عێراق له‌ ریزبه‌ندی 156 هه‌میندا دێت بۆ ئازادی رۆژنامه‌نووسی.
له‌چوارچێوه‌ی یاسایشدا هه‌رچه‌نده‌ كه‌ له‌عێراقدا یاسای كاری رۆژنامه‌نووسی هه‌یه‌ ،به‌ڵام له‌راستیدا هێشتا كوشتن وگرتنی رۆژنامه‌نووسان و غه‌رامه‌كردنیان به‌ پاره‌یه‌كی زۆر بوونی هه‌یه‌ و له‌ولاشه‌وه‌ هه‌ڵاتنی تۆمه‌تباران له‌ سزا یه‌كێكه‌ له‌دیارده‌كانی پێشێلكردنی ئازادی بیرورا له‌عێراقدا.له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا به‌هۆی نه‌بوونی یاسایه‌كی هاوچه‌رخ بۆ رێكخستنی خۆپیشاندان له‌ عێراقدا، تائێستا ده‌ستدرێژی ده‌كرێته‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌راستی مانگی شوبات 2016 كرایه‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران له‌ شاری ناسریه‌. هه‌روه‌ها ده‌ستگیركردنی خۆپیشانده‌ران له‌ به‌غدا و بابل له‌ ساڵی 2015 و تائێستاش هه‌ندێكیان ئازادنه‌كراون .
له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا تاوه‌كو ئێستا له‌ عێراقدا یاسایه‌ك نیه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ زانیارییه‌كان و یه‌كێكه‌ له‌ گرفته‌ گه‌وره‌كانی به‌رده‌م ئازادی بیرورا.وێڕای هه‌بوونی یاسایه‌كی باشیش بۆ كاری رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌ عێراقدا،به‌ڵام له‌ ئاستی جێبه‌جێكردندا به‌ربه‌ستی زۆر هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م دامه‌زراندنی رێكخراوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا.
له‌هه‌رێمی كوردستانیش ئازادی بیروڕا و گردبوونه‌وه‌ له‌باشترین حاڵه‌تدا نیه‌،چونكه‌ هێشتا گرتنی رۆژنامه‌نووسان و داخستنی كه‌ناڵی راگه‌یاندن و عه‌رامه‌كردن به‌پاره‌ی زۆر بوونی هه‌یه‌،هه‌رچه‌نده‌ كه‌ یاسای كاری رۆژنامه‌وانی باش و دامه‌زراندنی كه‌ناڵی راگه‌یاندن به‌سانایی بوونی هه‌یه‌.
وێڕای هه‌بوونی یاسای مافی گه‌یشتن به‌زانیاری له‌هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ڵام هێشتا نه‌چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردن و،رێنمایی جێبه‌جێكردنی ده‌رنه‌چووه‌. هه‌روه‌ها یاسای خۆپیشاندان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و به‌پێی یاساكه‌ تاوه‌كو ئێستا خۆپیشانده‌ران ده‌ستگیرده‌كرین كه‌ دواترینیان زیندانی كردنی چالاكوانانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بوو له‌شاری هه‌ولێر له‌ مانگی شوباتی 2016.
ئه‌گه‌رچی له‌هه‌رێمی كوردستان یاسای رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان یاسایه‌كی باشتره‌ له‌وه‌ی عێراق و له‌ئاستی جێبه‌جێكردنیش باشتر به‌ڕێوه‌ده‌چێت،به‌ڵام ده‌ستێوه‌ردانیش هه‌یه‌ بۆ ئه‌و رێكخراوانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت ئۆفیسیان هه‌بێت و ته‌نانه‌ت له‌ئاستی چالاكی له‌ پارێزگاكاندا له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌ پاساوی وه‌رگرتنی زانیاری ده‌ست ده‌خرێته‌ ناوكاروباریان و،له‌ولاشه‌وه‌ زیاتر له‌ یاسایه‌ك هه‌یه‌ كاری رێكخراوه‌یی رێكده‌خات كه‌ یاسای یه‌كێتی و كۆمه‌ڵه‌كان به‌ربه‌ست زۆر ده‌خاته‌ به‌رده‌م دامه‌زراندی رێكخراو.

 


(1): http://cdfj.org/wp-content/uploads/2016/02/-----------------------------2016.pdf

(2): http://daccess-dds-ny.un.org/doc/UNDOC/GEN/G14/241/82/PDF/G1424182.pdf?OpenElement

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 


0