لەچوارەمین دیالۆگی خۆیاندا، ئەنجومەنی گەنجانی سەركردە لەسۆران، پرسی جیابونەوەی هاوسەران لەكوردستان بەگشتی و دەڤەرەكەیان بەتایبەتی تاوتوێكرد و ژمارەیەك پێشنیارییان بۆ دابەزینی رێژەی جیابونەوە ئاشكراكرد.

 

دیالۆگەكە لەهۆڵی قوتابخانەی كۆڕەكی ناحكومی لەسۆران و لە16ـی 12ـی 2020 بەئامادەبونی ئەندامانی ئەنجومەنەكە و ژمارەیەك لەپارێزەر و مامۆستایانی ئاینی و چالاكوانان و هونەرمەندان بەڕێوەچوو.

 

سەرەڕای خستنە رووی چەندین داتا و زانیاری لەبارەی رێژەی جیابونەوەی هاوسەران لەسۆران كە لەرێگەی فۆڕمەوە زانیارییەكان وەرگیرابوون، هاوكات شانۆگەرییەكیش لەبارەی جیابونەوە پێشكەشكرا.

 

بەشداربوانی دیالۆگەكە گفتوگۆی چڕیان دەربارەی پرسی جیابونەوە و هۆكارەكانی بەرزبونەوەی رێژەی جیابونەوەی هاوسەرانكرد، بەشێوەیەكی گشتی تیشكیانخستە سەر بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر و باشتركردنی یاساكانی هاوسەرگیری و جیابونەوە چ لەرووی ئاینی یان لەرووی یاساییەوە.

 

ئەم ئەنجومەنە یەكێكە لەو ئەنجومەنانەی كە رێكخراوی ئاشتی و ئازادی بەئامانجی برەودانی زیاتر بەتواناكانیان پاڵپشتییان دەكات