گۆڕینی دیموگرافی:
كه‌مینه‌كان و كێشه‌ی زه‌وی و زار!
مه‌سیحییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به نموونه
راپۆرتێكی مه‌یدانی له‌باره‌ی كێشه‌ی زه‌وی و زار له دۆڵی ناڵا"نه‌هله"
تیمی گه‌نجان و رۆژنامه‌نووسان له رێكخراوی ئاشتی و ئازادی به‌هاوكاری رێكخراوی (PAX)ی هۆڵه‌ندی له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی "هه‌موومان هاونیشتمانین"
حوزه‌یران –ئه‌یلوولی 2016
تیمی ئاماده‌كردنی راپۆرت:
رێبین فه‌تاح
نوزاد هلوری
سینان جه‌لال
رێبین حه‌كیم
ڤاندا جۆرج
هیوا عومه‌ر
ناوهڕۆك:
ده‌روازه..........................................................................................
كێشه‌ی زه‌وی و زار و كه‌مینه‌كان................................................................
چوارچێوه‌ی یاسایی مافی مه‌سیحی و كه‌مینه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا.......................
میتۆدۆلۆجیای راپۆرته‌كه.........................................................................
پوخته‌ی راپۆرته‌كه...............................................................................
هه‌ڵوێستی دادگا و دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌كان...................................................
ئه‌نجامگیرییه‌كان...................................................................
پێشنیاز و میكانیزمه‌كانی چاره‌سه‌ركردن.............................................
كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی چۆن هاوكاربێت لهچارهكردنی ئه‌و گرفته..................................
ده‌روازه:
یه‌كه‌م: روانین بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی كه‌مینه‌كان
به‌پێی خوێندنه‌وه جیاجیاكان بۆ ئه‌زموونی هه‌ندێك له وڵاتان، ئه‌زموونی جۆراوجۆر له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی كه‌مینه‌كان ده‌بینین. ده‌توانین لای خواره‌وه ئه‌م جۆره ئه‌زموونانه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌ستنیشان بكه‌ین:
ئه‌زموونی یه‌كه‌م: ئه‌زموونی نكوڵیكردن و هه‌وڵدان بۆ تواندنه‌وه و له‌ناوبردنی كه‌مینه‌كان، ئه‌م ئه‌زموونه له‌سه‌رده‌مانی پێشوو زیاتر په‌یڕه‌ویی ده‌كرا وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به ئه‌رمه‌نه‌كان له ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی یان ئه‌وه‌ی كه له عێراقی پێشوو به‌رامبه‌ر به كورد و توركمان و ئێزیدی و كوردی فه‌یلی و كلدان سریان ئاشوری و شه‌به‌ك و به‌هائی كرا، یان ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به جووه‌كان له ئه‌ڵمانیای سه‌رده‌می هیتله‌ر و یان ئه‌وه‌ی كه به‌رامبه‌ر كورد له توركیا ده‌كرا. یان ئه‌وه‌ی ئێستا داعش له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی له عێراق په‌یڕه‌ویی ده‌كات كه جینۆسایدی به‌رامبه‌ر به ئێزدیی و كوشتارگه و ده‌ركردنی به‌كۆمه‌ڵی به‌رامبه‌ر به توركمان و مه‌سیحییه‌كان ئه‌نجامدا.
ئه‌زموونی دووه‌م: ئه‌زموونی ده‌ركردنی زۆره‌ملێیانه به‌رامبه‌ر به كه‌مینه‌كان، نموونه‌ی ده‌ركردنی جووه‌كان له زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و عێراق و ده‌ركردنی كورده فه‌یلییه‌كان له‌سه‌رده‌می به‌عس له عێراق و...تد.
ئه‌زموونی سێیه‌م: ئه‌زموونی دانپێدانه‌نان و بێبه‌شكردنی كه‌مینه‌كان له ناسنامه وه‌ك ئه‌وه‌ی له سوریا به‌رامبه‌ر به كورد ده‌كرێت یان ئه‌وه‌ی له زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی كه به "بدون" ناسراون، هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه له ده‌یان وڵاتی دیكه ئه‌م ئه‌زموونه بوونی هه‌بێت.
ئه‌زموونی چواره‌م: دانپێدانه‌نان و بێبه‌شكردنی كه‌مینه‌كان له مافه‌كانیان و په‌راوێزخستنیان له رووی ئابووری و به‌شداری له ژیانی گشتی، نموونه‌ی ئه‌وه‌ی له میسر به‌رامبه‌ر به قیبتییه‌كان یان ئه‌وه‌ی له سعودیه و به‌حرین به‌رامبه‌ر به‌شیعه و...تد، په‌یڕه‌ویی ده‌كرێت.
ئه‌زموونی پێنجه‌م: ئه‌زموونی پێكه‌وه هه‌ڵنه‌كردن و به‌ره‌و دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی تایبه‌تی وه‌ك ئه‌وه‌ی له سوودان كاتێك مه‌سیحییه‌كان له ده‌وڵه‌تی سوودان جیابوونه‌وه یاخود ئه‌وه‌ی له كۆسۆڤۆ و...تد. یان ئه‌وه‌ی كه ئێستا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان رووده‌دات.
ئه‌زموونی شه‌شه‌م: ئه‌زموونی دیموكراسی تایفی كه پێكهاته جیاجیاكان له‌نێوان خۆیان و به پێی ده‌ستوور و یاسا رێك ده‌كه‌ون كه ده‌سه‌ڵاته‌كان و كاروبار و ماف و ئه‌ركه‌كان دابه‌ش بكه‌ن، دیاره ئه‌مه‌ش بێ گرفت نییه و ئه‌وه‌تا لوبنان له‌به‌رده‌م چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی جددیدایه.
ئه‌زموونی حه‌وته‌م: ئه‌زموونی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه سیاسه‌تی حكومی تایبه‌تیان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی كه‌مینه‌كان هه‌یه، كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتوون، ئه‌وانه‌ش چه‌ند شێوه‌یه‌كن:
1-جۆری یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه حكومه‌ت چه‌ندین دامه‌زراوه و ده‌زگای تایبه‌تی هه‌یه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنییه‌كان و كه‌مینه‌كانی دیكه، زۆرتر له وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژئاوا ده‌بینرێت.
2-جۆری دووه‌م ئه‌و وڵاتانه‌یه كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك زۆرینه‌یه، به‌ڵام كهمینهشی تێدایه، بۆیه هه‌ڵده‌ستن به ده‌ستنیشانكردنی مافی كه‌مینه‌كان به‌دیاریكراوی به پێی یاسا و رێكاره‌كان، ئه‌م نمونه‌یه زیاتر له ئه‌ڵمانیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌بینرێت.
3-ئه‌و وڵاتانه‌ی كه سیاسه‌تێكی دیاریكراوی نیشتمانیان هه‌یه و هیچ جۆره یاسا و رێكارێكی تایبه‌تیان بۆ كه‌مینه‌كان و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ژاپۆن هه‌یه به‌نموونه.
ئه‌زموونی هه‌شته‌م: ئه‌زموونی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه هیچ سیاسه‌تێكی تایبه‌تیان له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت نییه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی نه‌ته‌وه‌كان و كه‌مینه‌كان، بۆ نموونه ئه‌وه‌ی له توركیای ئێستا هه‌یه. له‌كاتی روودانی هه‌ر گرفتێكیش له‌سه‌ر ئاستی كه‌مینه‌كان وه‌ك رووداوێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی.
پرسیار له‌وه‌دایه ئاخۆ ئێمه له‌كوردستان ده‌مانه‌وێت كام له‌و ئه‌زموونانه تاقی بكه‌ینه‌وه؟ یان ده‌مانه‌وێت ئه‌زموونێكی تایبه‌تی كوردستانی تاقی بكه‌ینه‌وه، دوور له‌وانه‌ی كه له جیهاندا هه‌یه؟
دووه‌م: كێشه‌ی زه‌وی و زار و كه‌مینه‌كان
مه‌سیحییه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا ته‌نها كه‌مینه نین، به‌ڵكو دانیشتووی ره‌چه‌ڵه‌ك و ره‌سه‌نی هه‌رێمه‌كه‌ن. له‌نێوان دانیشتوانی ره‌چه‌ڵه‌ك و زه‌وی و زاردا په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و هه‌یه كه ده‌گاته ئاستی په‌یوه‌ندی رۆحی، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه ئه‌و زه‌وییه نه‌ك ته‌نها سه‌رچاوه‌یه‌ك بێت بۆ نیشته‌جێبوون و به‌رهه‌مهێنان، به‌ڵكو ئه‌و زه‌وییه بۆته به‌شێك له رۆح و جه‌سته و فیكر و فه‌لسه‌فه و كولتوور و ئاینی ئه‌وان، ژیانیان په‌یوه‌سته به‌و زه‌وییه و هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر ئه‌و زه‌وی و زارانه كار ده‌كاته سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی ئه‌وان.
د‌رك نه‌كردن به‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان كه‌مینه و دانیشتوانه ره‌چه‌ڵه‌كه‌كان و زه‌وییه‌كانیان و رێزنه‌گرتن له‌مافه‌كانیان، سه‌ره‌تای ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كان و كێشه‌كانه، ده‌رئه‌نجام و لێكه‌وته‌ی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
له‌ته‌ك ئه‌وه‌دا ده‌یان هۆكاری دیكه هه‌یه كه ده‌بنه رێگه‌خۆشكه‌ر بۆ ده‌رهێنان و لێسه‌ندنی زه‌وی و زار له دانیشتوانی ره‌چه‌ڵه‌ك و ره‌سه‌ن و كه‌مینه‌كان، كه هه‌ندێكیان له سایه‌ی یاسا و هه‌ندێكیان نایاسایین و ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاماژه‌یان بۆ بكه‌ین:
1-داننه‌نانی حكومه‌ته‌كان به مافی كه‌مینه و دانیشتوانی ره‌سه‌ن به خاوه‌ندارێتی زه‌وی و زاره‌كانیان.
2- هه‌بوونی یاسا و رێسای جیاكاری له‌باره‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وی و زاره‌وه.
3-دیارینه‌كردنی سنووری زه‌وییه‌كان .
4-نه‌بوون یاخود جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه تایبه‌تن به پاراستنی كه‌مینه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانه‌وه.
5-ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زه‌وی و زاری كه‌مینه‌كان و دانیشتوانی ره‌سه‌ن به‌هۆكار و پاساوی بانگه‌شه‌ی نیشتمانی و په‌ره‌پێدان و وه‌به‌رهێنان و..تد.
6-دوورخستنه‌وه و راگواستنی زۆره‌ملێیانه‌ی كه‌مینه‌كان له ناوچه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه.
7-سیاسه‌ته مه‌به‌ستداره‌كانی حكومه‌ت له دابه‌شكردن و فرۆشتنی زه‌وی و..تد، له ناوچه‌كانی كه‌مینه‌كان یاخود هاوتخوبی ناوچه‌كانیان.
8- پارێزگاری نه‌كردن له زه‌وی كه‌مینه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه.
جگه له‌وانه‌ش ده‌یان هۆكار و ئامرازی دیكه له سه‌رانسه‌ری دونیادا بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی زه‌وی دانیشتوانی ره‌سه‌ن و كه‌مینه‌كان به‌كارهێنراون كه بێگومان له هه‌رێمی كوردستان و عێراقیشدا ئه‌و هۆكار و ئامرازانه و بگره هی دیكه‌ش لێره و له‌وێ به‌كارهێنراون.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌وڵه به‌رده‌وامانه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و زه‌وی و زارانه له ئاستی جیهاندا په‌نا بۆ رێگه‌چاره‌سه‌ری جۆراوجۆر بردراون كه ده‌كرێت ئاماژه بۆ گرنگترین ئه‌و رێگه‌چارانه بكه‌ین:
یه‌كه‌م: په‌نابردنه به‌ر دادگا و رێگه‌چاره دادوه‌رییه‌كان.
دووه‌م: په‌نابردنه به‌ر دانوستان و گفتوگۆ.
سێیه‌م: چاكسازیی ده‌ستووریی و یاسایی.
چواره‌م: په‌نابردنه به‌ر پێوه‌ره‌كانی مافی مرۆڤ.
هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ش له‌كات و شوێنی جیادا تاقیكراونه‌ته‌وه و سوودی خۆیان هه‌بووه له چاره‌سه‌ریی و رێگه‌گرتن له ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی زه‌وی و زاری كه‌مینه‌كان و دانیشتوانی ره‌سه‌ن.
سێیه‌م: چوارچێوه‌ی یاسایی مافی مه‌سیحی و كه‌مینه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا
به‌هۆی نه‌بوونی ده‌ستوورێك له هه‌رێمی كوردستان، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1992- 2015 كه ته‌مه‌نی چوار خولی په‌رله‌مانه له هه‌رێمی كوردستاندا، زیاتر له یاسایه‌كمان هه‌یه كه كاروباری كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان رێك ده‌خات، له‌وانه:
1- یاسای وه‌زاره‌تی په‌روه‌ردی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی-یاسای ژماره 4ی ساڵی 1992 و هه‌مواره‌كانی.
2- یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان- یاسای ژماره 7ی ساڵی 1992 و هه‌مواره‌كانی.
3- یاسای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-یاسای ژماره 11ی ساڵی 1992 و هه‌مواره‌كانی.
4- 5- -یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان-یاسای ژماره 1ی ساڵی 1992 و هه‌مواره‌كانی.
5- یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان-یاسای ژماره 3ی ساڵی 2009.
6- یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له هه‌رێمی كوردستان-یاسای ژماره 4ی ساڵی 2014.
7- یاسای زمانه فه‌رمییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان-یاسای ژماره 6ی ساڵی 2014.
8- یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستان-یاسای ژماره 5ی ساڵی 2015.
له دووتوێی ئه‌و یاسایانه، ئه‌م مافانه بۆ كه‌مینه و پێكهاته ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌بینین:
یه‌كه‌م: له‌یاسای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا دان به مافی خوێندن بۆ كلدانی و سریانی و ئاشوری و توركمانی ده‌نێت و له ناوه‌ندی وه‌زاره‌ت دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌یه كه یه‌كێكیان سه‌رپه‌رشتی خوێندنی توركمانی و ئه‌وی دیكه‌یان سه‌رپه‌رشتی خوێندنی كلدانی سریانی ئاشوری ده‌كات و چه‌ندین قوتابخانه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌و بهڕێوهبهرایهتییانهدایه له هه‌رێمی كوردستاندا.
دووه‌م: له یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی هه‌رێمی كوردستان دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بۆ كه‌مینه‌كان هه‌یه یه‌كه‌میان بۆ ئێزیدییه‌كان و دووه‌میان بۆ مه‌سیحییه‌كان كه سه‌رپه‌رشتی لایه‌نی ئاینی ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ی كوردستان ده‌كات و دوای ساڵی 2015 لێژنه‌یه‌ك بۆ نوێنه‌ری هه‌موو ئاینه هه‌بووه‌كان له‌كوردستان پێكهێنراوه.
سێیه‌م: به‌پێی یاسای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره 14ی ساڵی 2007 هه‌یكه‌لیه‌تی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پێك دێت، كه دووانیان تایبه‌تن به كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان. یه‌كه‌میان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ریی سریانییه كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1996وه دامه‌زراوه و ئه‌وی دیكه‌یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ریی توركمانی. هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه گرنگی به لایه‌نی رۆشنبیری و هونه‌ریی پێكهاته‌ی سریانی و كلدانی و ئاشوری له‌لایه‌ك و له‌لاشه‌وه گرنگی به رۆشنبیری و هونه‌ریی توركمان ده‌دات.
چواره‌م: له‌یاسای ژماره 7ی ساڵی 2014، یاسای زمانه فه‌رمییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان دان به زمانه‌كانی توركمانی و سریانی و ئه‌رمه‌نی ده‌نێت وه‌ك زمانی فه‌رمی له ناوچه‌كانی كه ئه‌وان تیایدا زۆرینه‌ن. هه‌رچه‌نده كه به‌شێك له هاونیشتمانیان له كه‌مینه‌كان ره‌خنه‌یان له چه‌ند بڕگه و مادده‌یه‌كی ئه‌و یاسایه هه‌یه.
پێنجه‌م: له‌یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا، رێژه‌ی كۆتا بۆ كه‌مینه‌كان به‌م شێوه‌یه دیاریكراوه:
أ-پێنج كورسی بۆ كلدانی سریانی ئاشورییه‌كان.
ب-پێنج كورسی بۆ توركمان.
ج-یه‌ك كورسی بۆ ئه‌رمه‌ن.
به‌پێی یاسای ژماره 4ی ساڵی 2009ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و قه‌زا و ناحییه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی له مادده‌ی 32ی یاسایه‌كه‌دا، دووباره هاتووه كه:
-له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك 2 كورسی بۆ كلدان سریان ئاشووری و كورسییه‌ك بۆ ئه‌رمه‌ن ته‌رخان ده‌كرێت.
-له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی یه‌ك كورسی بۆ كلدان سریان ئاشوری ته‌رخان ده‌كرێت.
-له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر 2 كورسی بۆ كلدان سریان ئاشوری و 3 كورسی بۆ توركمان ته‌رخان ده‌كرێت.
-له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرنگتر ده‌ڵێت كه هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك ته‌نها به‌ده‌نگی ئه‌و پێكهاته‌یه ده‌بێت، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌وه چه‌ند جێبه‌جێ كراوه و چه‌ند ئاماده‌سازیی هه‌یه بۆ ئه‌و مادده‌یه؟
لێره‌دا ده‌پرسین له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌و كورسیانه ته‌رخانكراون بۆ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك و به چ رێژه‌یه‌ك؟ هه‌روه‌ها بۆ پێكهاته‌كانی دیكه وه‌لانراون و هیچ كۆتایهكیان بۆ دیاریی نه‌كراوه؟ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وانی دیكه به كوردیش ئه‌ژمار كرابن و كۆتایان بۆ دانه‌نرابێت، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌وان تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووری و ئاینی خۆیان هه‌یه و پێویسته گرنگیان پێبدرێت، بێگومان هه‌موو حزبه‌كان ئه‌زموونیان هه‌یه به تایبه‌تی له دوایین هه‌ڵبژاردنی عێراق و كوردستاندا پاڵێوراوانی كه‌مینه‌كان له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانی حزبه‌كانیانه‌وه ده‌نگیان پێنه‌درا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ریزی پێشه‌وه‌ی لیستی پاڵێوراوان بووبن!
شه‌شه‌م: له یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له هه‌رێمی كوردستان ژماره 4ی ساڵی 2014دا، به‌تایبه‌تی له مادده‌ی پێنجه‌مدا له پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاراندا كه ده‌ڵێت ئه‌نجومه‌نه‌كه له 9 ئه‌ندام پێكدێت، باس له‌وه ده‌كات كه نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌كانیشی تێدا بێت. بینیمان له ماوه‌ی رابردوو له كاتی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا نوێنه‌رانی كه‌مینه‌كان رووبه‌ڕووی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان بوونه‌وه له‌وه‌ی كه به‌بێ پرسی ئه‌وان نوێنه‌ریان بۆ كه‌مینه‌كان له ئه‌نجومه‌نه‌كه داناوه و تاوه‌كو ئێستاش ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ نه‌كراوه!
حه‌وته‌م: له یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی كوردستان ساڵی 2015 كه له رێككه‌وتی 21ی نیسانی 2015 له په‌رله‌مانی كوردستان په‌سندكراوه، بۆ یه‌كه‌مین جاره له هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت عێراقیشدا یاسایه‌كی له‌و شێوه‌یه ده‌ربچێت و نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانیش له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگیان بۆ داوه و هه‌موو لایه‌كیان رازی بوون. ئه‌و یاسایه به‌هۆی ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ پێوه‌سته به پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌كرێت به گرنگترین یاسای پێوه‌ست به مافی پێكهاته‌كان دابنرێت كه هه‌ڵوه‌سته‌ی كردووه‌ته سه‌ر مافه ئایینی، كولتوری، رۆشنبیری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی پێكهاته‌كان به‌گشتی.
له‌و یاسایه‌دا چه‌ند مادده‌یه‌كی گرنگی پێوه‌ست به پرسی زه‌وی و زاری پێكهاته‌كان هه‌یه، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو ماده‌ی چواره‌م و پێنجه‌م له یاسایه‌كه‌دا، كه یه‌كه‌میان دووپات له رێگریی له هه‌ر كردارێك ده‌كاته‌وه كه ببێته هۆكاری گۆڕینی دیمۆگرافی ئه‌و ناوچانه‌ی پێكهاته‌كانی تێدا ده‌ژی به هه‌ر پاساوێك و دووه‌میان پێداگیری له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی هه‌ر زیاده‌ڕۆییه‌ك ده‌كاته‌وه كه له‌سه‌ر زه‌وی و زاری پێكهاته‌كان كرا بێت.
به‌هۆی گرنگی ناوه‌ڕۆكی هه‌ردوو ماده‌كه له‌و یاسایه‌دا، له خواره‌وه ئاماژه به ده‌قه‌كانیان ده‌كه‌ین:
ماده‌ی چواره‌م: رێگه‌گرتن له هه‌ر ره‌فتارێك یان هه‌ر سیاسه‌تێكی نه‌رێنی كه‌وا ببێته هۆی گۆڕینی بارودۆخی ره‌سه‌نی ئه‌و ناوچانه‌ی پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو تیایدا نیشته‌جێن و رێگه‌گرتن له هه‌ر به خاوهنبوونێك كه‌وا ئامانجی یان ببێته هۆی گۆڕانكاری دیمۆگرافی بۆ مۆركی مێژوویی و شارستانیه‌تی ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو، به هه‌ر هۆیه‌ك بێت و له ژێر هه‌ر پاساوێك بێت.
ماده‌ی پێنجه‌م: چاره‌سه‌ركردنی زێده‌ڕۆیی ئه‌نجامدراو له‌سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی باره‌كه بۆ حاڵه‌تی پێش روودانی زێدهڕۆییهكه و نه‌هێشتنی ئه‌و شوێنه‌وار و پاشماوانه‌ی بوونه‌ته یان ده‌بنه هۆی گۆڕانكاری دیمۆگرافی یان قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان له حاڵه‌تی ئه‌سته‌می گه‌ڕاندنه‌وه‌ی باره‌كه بۆ حاڵه‌تی پێشووی.
ئه‌گه‌ر ماده‌ی چواره‌م له یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كان چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی بۆ پاراستنی بارودۆخی ره‌سه‌نی ئه‌و ناوچانه ده‌خاته روو كه پێكهاته‌كانی تێدا نیشته‌جێن، ئه‌وه ماده‌ی پێنجه‌م گرنگییه‌كی له راده‌به‌ری هه‌یه، له‌لایه‌ك دانپێدانانێكی روون و ئاشكرایه به‌وه‌ی له قۆناغه‌كانی پێشتردا زێده‌ڕۆیی له‌سه‌ر ناوچه‌كانی پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا كراوه و هه‌ر له‌هه‌مان ماده‌شدا دوو خاڵی گرنگ هه‌یه، یه‌كه‌میان پێداگیری له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی و ناوچه‌كانی پێكهاته‌كان كراون و دووه‌میان دووپاتكردنه‌وه له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خاوه‌نی ره‌سه‌نی ناوچه‌كان له بارێكدا ئه‌گه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كان بۆ بارودۆخی پێشوویان له توانادا نه‌بێت.
دیاره له‌ته‌ك ئه‌و یاسایانه‌شدا له‌یاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا مادده‌یه‌ك هه‌یه كه باس له‌وه ده‌كات له پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا ره‌چاوی به‌شداری پێكهاته‌كانی كوردستان ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده له دوایین كابینه‌ی وه‌زاری له هه‌رێمی كوردستان كه له‌ساڵی 2014 دروستكراوه، وه‌زاره‌تێك له‌لای مه‌سیحییه‌كان هه‌بوو، به‌ڵام زیاتر له ساڵێكه وه‌زیره‌كه به‌هۆی بارودۆخی ئاواره مه‌سیحییه‌كانه‌وه ده‌ستی له‌كاركێشاوه‌ته‌وه و تاوه‌كو ئێستا كه‌سێكی دیكه له‌شوێنه‌كه‌ی دانه‌نراوه.
یه‌كه‌م: میتۆدۆلۆجیای راپۆرته‌كه:
كێشه‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی زه‌وی زاری مه‌سیحییه‌كان و موڵكه‌كانیان له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كێشه‌یه‌كه مایه‌ی نیگه‌رانی و مه‌ترسییه. ئه‌و كێشه‌یه ئه‌گه‌رچی ره‌گ و ریشاڵێكی دوور و درێژیی مێژوویی هه‌یه، به‌لڵام له ئێستادا كێشه‌كه زیاتر تۆخ بووه‌ته‌وه و په‌ره‌یسه‌ندووه.
به مه‌به‌ستی تیشك خستنه سه‌ر لایه‌نه جیاجیاكانی ئه‌و كێشه‌یه و هه‌وڵدان بۆ پێشه‌كه‌شكردنی كۆمه‌ڵێك راسپارده و پێشنیاز بۆ به‌رگرتنی زیاتر له په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و كێشه‌یه و چاره‌سه‌ركردنی، كۆمه‌ڵێك گه‌نج و رۆژنامه‌نووسی پێكهاته جیاجیاكانی كوردستان پێشنیازێكیان خسته روو بۆ ئه‌نجامدانی راپۆرتێكی مه‌یدانی له‌وباره‌یه‌وه.
هه‌رچه‌نده كه كێشه‌ی زه‌وی و زاری مه‌سیحییه‌كان و موڵكه‌كانیان له ناوچه‌ی جیاجیای عێراق و كوردستان به‌تایبه‌ت له سنووری هه‌ردوو پارێزگای دهۆك و پارێزگای هه‌ولێر بوونی هه‌یه، به‌ڵام له‌م راپۆرته‌دا ته‌نها تیشك خراوه‌ته سه‌ر گونده‌كانی دۆڵی نه‌هله وه‌ك سامپڵ و نمونه‌یه‌ك بۆ راپۆرته‌كه، ئه‌وه‌ش به هه‌ست كردن به‌و راستییه‌ی كه خه‌ریكه كێشه‌كه له‌و ناوچه‌یه‌دا زیاتر په‌ره‌ده‌ستێنێت و كاردانه‌وه‌ی لابه‌لای لێده‌كه‌وێته‌وه. له‌كاتێكدا كێشه‌ی زه‌وی و زاری مه‌سیحییه‌كان له زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی مه‌سیحییه‌كانی تێدا نیشته‌جێن یان پێشتر نیشته‌جێبوون بوونی هه‌یه و له سنووری پارێزگای هه‌ولێر-یش ده‌كرێت ئاماژه به نمونه‌ی به‌كارهێنانی زه‌وی مه‌سیحییه‌كان بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بدرێت كه دوای چه‌ندین ساڵ ته‌نانه‌ت هێشتا خاوه‌نه‌كانیان قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه!
له‌م راپۆته مه‌یدانییه‌دا كه تیمێكی هاوبه‌شی رۆژنامه‌نووسان و گه‌نجانی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی به‌هاوكاری رێكخراوی PAXی هۆڵه‌ندی له چوارچێوه‌ی پرۆگرامی (هه‌موومان هاونیشتمانین) له‌ماوه‌ی نێوان مانگی حوزه‌یران- ئه‌یلوولی 2016 به گرتنه‌به‌ری ئه‌م میتۆدۆلۆجیایانه ئاماده‌كراوه:
1-سه‌ردانی مه‌یدانی گونده‌كانی دۆڵی نه‌هله و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌و گونده كریستیانیانه، ئه‌وانه‌ی كه خاوه‌نی زه‌وییه‌كانن.
2-چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ئه‌و كه‌س و گوندانه‌ی كه كریستیان نین و به‌شێكن له كێشه‌كه و تۆمه‌تبارن بهدهستبهسهراگرتن به‌سه‌ر زه‌وی و زاری كریستیانه‌كان.
3-چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك و به‌رپرسانی یه‌كه ئیداریی و نوێنه‌رانی كریستیانه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك.
4-چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری هه‌ندێك له پارته كریستیانه‌كانی كوردستان.
5-كۆكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی دادگا و نووسراوه‌كانی دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌كان و به‌ڵگه‌نامه جیاجیاكان له‌باره‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌وه.
6- پشتبه‌ستن به كۆمه‌ڵێك ده‌قی یاسایی و بڕیاری فه‌رمی له دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه پێوه‌ستن به دۆسیه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وی و زار و پێكهاته‌كان.
دوابه‌دوای ئه‌و سه‌ردان و چاوپێكه‌وتنانه و ته‌واوبوونی كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان، له‌لایه‌ن گروپی گه‌نجان و رۆژنامه‌نووسان، ده‌ست به شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه و خستنه رووی راسپارده‌كان كرا و له‌ده‌رئه‌نجامدا ئه‌م راپۆرته‌ی خواره‌وه ئاماده كرا.
دووه‌م: پوخته‌ی راپۆرته‌كه:
كێشه‌ی زه‌وی و زاری مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله
دۆڵی نه‌هله، به‌دووری 130كم له سه‌نته‌ری شاری دهۆك هه‌ڵكه‌وتووه و زیاتر له 100 گوند له‌خۆده‌گرێت. به‌شێك له گونده‌كانی له‌رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به شارۆچكه‌ی ئاكرێ و ئه‌وانی دیكه سه‌ر به شارۆكه‌ی ئامێدین. ناوچه‌كه كه‌وتووه‌ته سنووری هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا، به‌و هۆیه‌وه چه‌ندین جار له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا و به پاساوی هه‌بوونی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان/په‌كه‌كه بۆردمان كراوه.
دانیشتووانی گونده مهسیحینشینهكانی دۆڵی نه‌هله به كشتوكاڵ (ره‌ز و باخ، دانه‌وێڵه، بیستان و ئاژه‌ڵداریی)یه‌وه خه‌ریكن.
كێشه‌ی زه‌وی و زار له گونده‌كانی دۆڵی نه‌هله، رابردوویه‌كی دووری هه‌یه و له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو بۆ ئێستا درێژ ده‌بێته‌وه، كه به‌پێی قۆناغه‌كانی مێژوویی، گۆڕانكاری به‌سه‌ر جۆر و قه‌باره‌ی زیاده‌ڕۆییه‌كان و ناسنامه‌ی كه‌سی زیادهڕۆكاردا هاتووه.
مه‌سیحییه‌كان خۆیان، یه‌كه‌م قۆناغی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیان بۆ سه‌ره‌تای نیشته‌جێبوونیان له ناوچه‌كه‌دا و تا ساته‌وه‌ختی شۆڕشی گه‌لی كوردستان به‌ڕێبه‌رایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌گێڕنه‌وه، كاتێك له‌و قۆناغه‌دا، ئه‌وانه‌ی پشتیوانیان له شۆڕش كردووه، له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌وكاتی عێراقه‌وه، ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیان داگیركراوه و له به‌رامبه‌ردا زه‌وییه‌كان به‌و كه‌سانه به‌خشراوه كه دژی شۆڕش وه‌ستاونه‌ته‌وه و پشتیوانیان له رژێمی رووخاوی به‌عس له عێراق كردووه. به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك له مه‌سیحییه‌كانی گونده‌كانی دۆڵی نه‌هله، بۆ ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق راگوێزران.
(نینوس عودیشو) نوێنه‌ری مه‌سحی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌ی دهۆك له 17ی ته‌موزی 2016 له‌ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك له‌و باره‌یه‌وه به تیمی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی گوت:
به‌هۆی راگواستنی دانیشتووانی مه‌سیحی گونده‌كان و داگیركردنی گونده‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكی تره‌وه، به‌دیاریكراوی 10 گوندی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله به‌ته‌واوه‌تی داگیركراون و مافی به‌كارهێنانی ئه‌و زه‌وییانه له مه‌سیحییه‌كان سه‌ندراوه‌ته‌وه، به‌شێك له زه‌وییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ت و به‌شێكی دیكه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وه مامه‌ڵه‌یان پێوه ده‌كرێت. هه‌رچه‌ند له ماوه‌ی ساڵانی بیسته‌كان تا شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو مه‌سیحییه‌كان به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌و زه‌وییانه‌ن له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه بۆ كراوه و دواتر به‌ره‌ی كوردستانی خاوه‌ندارێتی ئه‌و زه‌وییانه‌ی بۆ مه‌سیحییه‌كان گێڕاوه‌ته‌وه و پاش راپه‌ڕینیش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی له خاوه‌ندارێتی مه‌سیحییه‌كان بۆ ئه‌و زه‌وییانه كردووه‌ته‌وه.
له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا و هه‌ر له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی رژێمی به‌عسی عێراقیدا، كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری به‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كانی مه‌سیحییه‌كاندا به‌گشتی له سنووری پارێزگای دهۆك هێنراوه، له شێوه‌ی گواستنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كان له تاكه‌كه‌سه‌وه بۆ موڵكی گشتی و به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییه‌وه.
مه‌سیحییه‌كان پاساوی (به‌رژه‌وه‌ندی گشتی) به دروست نازانن و له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌وه ته‌نیا پاساوێك بووه بۆ ره‌وایه‌تیدان/شه‌رعیه‌ت به گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه مهسیحینشینهكان، ئه‌وه‌ش به‌راورد به هه‌مان ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسی عێراقییه‌وه له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی رابردوو له زۆر ناوچه‌دا ئه‌نجامدراون، ده‌كرێت وه‌ك لێكدانه‌وه‌یه‌كی دروست وه‌ربگیرێت، بۆ نمونه، راگواستنی دانیشتووانی گونده كوردنشینه‌كان له ده‌وروبه‌ری شاری كه‌ركووك و كردنی ئه‌و ناوچانه به (ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراوی نه‌وتی)، له‌كاتێكدا گونده‌كان به‌ته‌واوه‌تی له پرۆژه‌كانی نه‌وتییه‌وه دوور بوون یان راگواستنی دانیشتووانی ناوچه سنوورییه‌كان به‌پاساوی پاراستنی ئه‌منیه‌تی ناوچه سنوورییه‌كان و ... هتد.
له‌و نێوه‌نده‌دا و به سوودوه‌رگرتن له‌و بۆشاییه كارگێڕی و له‌و دۆخه ئه‌منییه‌ی به‌هۆی شۆڕش، تاوانه‌كانی ئه‌نفال و راگواستن و بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستانه‌وه دروست ده‌بێت، كه‌سانێك كه له دانیشتووانی گونده‌كانی دراوسێی گونده مهسیحینشینهكان بوون، زیاده‌ڕۆییان كردووه‌ته سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كان له چه‌ند گوندێكدا و پێده‌چێت هه‌ر له‌و كاته‌شدا له‌لایه‌ن هێزه زاڵه‌كانه‌وه راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانی كرا بن، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر دۆسیه‌كه‌ی ئاڵۆز كردووه.
له 29ی ته‌موزی 2016دا تیمێكی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی سه‌ردانی دۆڵی نه‌هله‌ی كرد بۆ له نزیكه‌وه چاودێری كردنی كێشه‌كه و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی كێشه‌كه، له‌و سه‌ردانه‌دا به‌تایبه‌ت دانیشتووانی گونده‌كانی (كهشكاوا، هیزانكێ، خه‌لیلانی و ژولێ) به‌سه‌ر كرانه‌وه و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له مه‌سیحییه‌كان كرا و هاوكات دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی گوندی كهشكاوا و قه‌شه‌ی ناوچه‌كه ساز كرا و هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ی كێشه‌كانه‌وه وه‌رگیرا.
(نوییا یوخه‌نا) یه‌كێك له دانیشتووانی گوندی ژولێ له دۆڵی نه‌هله، بۆ تیمی مه‌یدانی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی له‌ناو گونده‌كه‌یاندا، گوتی:
له ساڵی 1961دا به‌شێك له گونده مهسیحینشینهكان له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌وكاتی عێراقییه‌وه و به‌هۆكاری یارمه‌تیدانی پێشمه‌رگه/شۆڕش بۆ ناوچه‌كانی (به‌رتله و كه‌ركوك) راگوێزراون و هه‌ر له‌و ساڵانه‌شدا ژماره‌یه‌ك خێزانی كورد له‌سه‌ر داوای مه‌لا مسته‌فا بارزانی سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌وه له سه‌ر زه‌وییه‌كانی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله نیشته‌جێ كران، به‌و هۆیه‌وه كه ئه‌و خێزانانه له پشتیوانانی شۆڕش بوون و بێ ماڵ و حاڵ كه‌وت بوون و مه‌سیحییه‌كانیش ره‌زامه‌ندییان به هاوكاریان ده‌ربڕیوه و جێگه‌یان كردوونه‌ته‌وه. پاشتر به‌شێك له‌و خێزانانه كه سه‌ر به خێڵی كوردی زێباری بوون، به زۆر ده‌ستیان به‌سه‌ر زه‌وییه‌كاندا گرتووه و چۆڵیان نه‌كردووه.
تا راپه‌ڕینی به‌هاری 1991ی گه‌لی كوردستان به‌رامبه‌ر به رژێمی به‌عسی عێراقی، دۆڵی نه‌هله به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی و سه‌ختی چیاكانییهوه، وه‌ك بنكه‌یه‌كی شۆڕش بووه و به‌شێك له سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له ناوچه‌كه‌دا بوون، هه‌ر له‌وكاته‌شدا دۆسیه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كان خراوه‌ته به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و له قۆناغی دواتریشدا هه‌مان دۆسیه بۆ سه‌ركردایه‌تی (به‌ره‌ی كوردستانی) به‌رز كراوه‌ته‌وه، به‌مه‌به‌ستی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی په‌یوه‌ست به خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه سیاسییه‌وه، له‌ناویاندا كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كانی گوندی كهشكاوه و گڕه‌سۆر له دۆڵی نههلهدا.
به‌گوێره‌ی نه‌خشه‌ی كادسترۆی ساڵی 1957 كه تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان/وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی و سنوور و پاوانی گونده‌كان و جۆری زه‌وییه‌كانی كشتوكاڵی و له‌وه‌ڕگا و ... هتد وه‌ك تاكه نه‌خشه/سه‌رچاوه‌ی فه‌رمی و باوه‌ڕپێكراو پشتی پێ ده‌به‌ستێت، گڕه‌سۆر به‌شێك له سنووری گوندی كهشكاوه پێك دێنێت، به‌ڵام به‌هۆی زیادهڕۆییهكانهوه به‌شێكی زۆر له زه‌وییه‌كانی گڕه‌سۆر له ده‌ست مه‌سیحییه‌كان نه‌ماوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت له زه‌مینه‌ی واقیعدا، گڕه‌سۆر وه‌ك گوندێكی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هیچ ماڵێك له گڕه‌سۆر بوونی نییه، به‌ڵام دانیشتووانی گونده دراوسێكانی كهشكاوه، زه‌وییه‌كانی گڕه‌سۆر ده‌كێڵن و ساڵانه دانه‌وێڵه‌ی تێدا به‌رهه‌م دێنن.
(ئه‌براهام تۆما یاقو) موختاری گوندی كهشكاوا له دانیشتنێكدا له‌گه‌ڵ تیمی مه‌یدانی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی له ماڵه‌كه‌ی خۆی له گوندی كهشكاوا گوتی:
له سنووری كهشكاوا هه‌زار و 59 دۆنم زه‌وی مه‌سیحییه‌كان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه، له‌و رووه‌وه زه‌وییه‌كانی گه‌ڕه‌سۆر كه به‌شێك له كهشكاوا پێك دێنن، له‌لایه‌ن دانیشتووانی گونده دراوسێكانه‌وه داگیر كراون، سه‌ره‌ڕای بڕیاری دادگا و لیژنه‌ی كشتوكاڵی ئاكرێ له به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سیحییه‌كان، به‌ڵام زیاده‌ڕۆییه‌كان به‌رده‌وامن و ماف بۆ خاوه‌ن زه‌وییه‌كان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه. هۆكاره‌كه بۆ باڵاده‌ستی ئه‌وانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه زه‌وییه‌كانیان داگیر كردووه و هه‌روه‌ك پشتیوانی حزبی لێیان. ئه‌و حاله‌ته له‌باره‌ی گهڕهسۆرهوه، وێڕای ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌سه‌ری دراون، كه‌چی به نایاسایی موختارێكی بۆ دانراوه و مۆری ره‌سمی بۆ دروست كراوه و له‌لایه‌ن ئیداره‌ی خۆجێیی ده‌ڤه‌ره‌كه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. هه‌رچه‌ند له ساڵی 2010دا لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كانی گڕه‌سۆر پێكهات و پێشنیازی كوژاندنه‌وه‌ی 5%ی زه‌وییه‌كانی كرد، به‌ڵام خاوه‌ن زه‌وییه‌كان(مه‌سیحییه‌كان) ئه‌و پێشنیازه‌یان ره‌ت كرده‌وه، به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی زیاده‌ڕۆییان كردووه هیچ مافێكیان به‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌وه نییه و ده‌بێت خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كانیان بۆ خاوه‌نه راسته‌قینه‌كانیان بگه‌ڕێته‌وه. لایه‌نی به‌رامبه‌ریش ده‌یه‌وێت زه‌وییه‌كان دابه‌ش بكرێت له نێوان ئه‌وان و مه‌سیحییه‌كاندا، به‌ڵام خاوه‌ن زه‌وییه مه‌سیحییه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌و داواكارییه رازی نین و ده‌یانه‌وێت دادگا بڕیاری یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر بدات.
پاش راپه‌ڕینی به‌هاری 1991ی گه‌لی كوردستان-یش به‌رامبه‌ر به داموده‌زگه‌كانی رژێمی به‌عسی عێراقی، دیسان دۆسیه‌ی زیاده‌ڕۆییه‌كان له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی گونده مهسیحینشینهكان بۆ سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی، دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌رز كراونه‌ته‌وه، سه‌رباری چه‌ند بڕیارێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كان، به‌ڵام له رووی جێبه‌جێ كردنی ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كانه‌وه، لایه‌نی جێبه‌جێكار هه‌ڵوێستێكی كرده‌نی نه‌بووه و به‌و هۆیه‌وه نه‌ك زیاده‌ڕۆییه‌كانی قۆناغه‌كانی پێشوو چاره‌سه‌ر نه‌كراون، به‌ڵكو زیاده‌ڕۆیی دیكه‌شی هاتووه‌ته سه‌ر و ئیتر رۆژ له دوای رۆژ كێشه‌كان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه كه‌ڵه‌كه بوون تا به دۆخێك گه‌یشتووه كه چاره‌سه‌رییه‌كه‌ی له رووی كرده‌نییه‌وه ئاسان نه‌بێت.
(ئۆگر ئوراها) مه‌سیحییه‌كی گوندی ژولێ به تیمی مه‌یدانی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی گوت:
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر زه‌وی و زاری مه‌سیحییه‌كان بۆ سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی و دادگای تایبه‌تمه‌ند له ئاكرێ به‌رز كراوه‌ته‌وه و له به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سیحییه‌كان بڕیاری پێ دراوه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی زه‌وییه‌كانیان داگیر كردووه، كه‌سانێكی ده‌ستڕۆیشتوون له عه‌شیره‌تی زێباری و بڕیاره‌كانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ نه‌كراوه. ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌تی زێباری نییه، به‌ڵكو چه‌ند كه‌سێك له‌وان كه زه‌وییه‌كانیان داگیر كردووه، به پێچه‌وانه‌وه كه‌سانێكی دیكه له عه‌شیره‌تی زێباری هه‌ن كه پشتیوانی له مه‌سیحییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی زه‌وییه داگیركراوه‌كانیان و به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له نێوان ئێمه و خه‌ڵكی گونده دراوسێكاندا هه‌یه.
دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له نیو سه‌ده به‌سه‌ر كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی و زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله و ناوچه‌كانی دیكه‌ی سنووری پارێزگای دهۆك، تا ئێستا كێشه‌كان به چاره‌سه‌ر نه‌كراوی ماونه‌ته‌وه، بگره زیاتر كه‌ڵه‌كه بوون به‌سه‌ر یه‌كه‌وه و به‌هۆی په‌راوێزخستنیانه‌وه، له ئێستادا گرژی و ناكۆكییه‌كان له نێوان دانیشتووانی ناوچه‌كه زیاتر په‌ره‌ی ستاندووه، بۆ نمونه له چه‌ند مانگی رابردوو هه‌ڕه‌شه له موختاری یه‌كێك له گونده مهسیحنشینهكانی دۆڵی نه‌هله كراوه و به قۆنداغهی تفه‌نگ له‌سه‌ری دراوه و سه‌ری شكێنراوه. ئه‌وه‌ش پێویست به هه‌ڵوێست و رێگهچارهسهریی كرده‌نی ده‌كات له ئاستی دامه‌زراوه فه‌رمی و په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا.
(خوری ئه‌ندریۆس میخائیل) قه‌شه‌ی كه‌نیسه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كۆن له دۆڵی نه‌هله له دانیشتنێكی تایبه‌تدا له گوندی هیزانكێ به تیمی مه‌یدانی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی گوت:
له ساڵی 1924ه‌وه له‌م ناوچه‌یه نیشته‌جێین و به‌ڵگه و تاپۆی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كانمان هه‌یه. رووبه‌ڕووی راگواستن و ده‌ربه‌ده‌ری بووینه‌ته‌وه، له چه‌ند قۆناغێكدا زه‌وییه‌كانمان داگیر كراون و زیاده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه، دوایین جار زیاده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر زه‌وییه‌كانی گوندی ژولێ بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بڕیاری دادگا هه‌یه، به‌ڵام جێبه‌جێ ناكرێت. هه‌روه‌ك گوندی گڕه‌سۆر كه له‌لایه‌ن چه‌ند خێزانێكی خه‌ڵكی باكرمان له كهشكاوا دابڕێنراوه و گۆڕانكاری دیمۆگرافی به‌سه‌ردا هێنراوه. بڕیاری دادگاش له‌و باره‌یه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سیحییه‌كان ده‌رچووه، به‌ڵام به‌هۆكاری سیاسی و به‌هۆی ده‌ستڕۆیشتوویی و به‌هێزی ئه‌وانه‌ی زیاده‌ڕۆییان كردووه‌ته سه‌ر زه‌وییه‌كان، جێبه‌جێ ناكرێت. ئێمه ده‌مانه‌وێت كێشه‌ی داگیركردنی زه‌ویی مه‌سیحییه‌كان به رێگای دادگا و یاساییه‌وه یه‌كلایی بكرێته‌وه، نه‌ك رێگای عه‌شایه‌ریی، پێویست ده‌كات ئیداره‌ی خۆجێیی سنووره‌كه و دادگا و دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌كان به ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ستن، به‌دوور له ده‌ستێوه‌ردان. ئێمه ماوه‌كانی پێشوو ویستمان خۆپیشاندان بكه‌ین، به‌ڵام رێگایان لێ گرتین و به به‌رچاوی پۆلیسیشه‌وه هێرشیان كرده سه‌ر ئۆتۆمبێلی كه‌سێكی مه‌سیحی به‌ناوی (ئیش‌و وینیا) و دوای رووخاندنی خانوویه‌كی زیاده‌ڕۆ له گوندی ژولێ كاره‌بایان له‌سه‌ر پچڕاندین. ئاشكرایه كه‌سانێكی ده‌ستڕۆیشتوو زیاده‌ڕۆییان كردووه‌ته سه‌ر زه‌وی و زاری مه‌سیحییه‌كان و هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێت ژیانێكی ئاسایی و به‌دوور له توندوتیژی و به‌بێ مه‌ترسی بژین، رێزی یه‌كتر بگرین و ئێمه‌ش له‌پاڵ كورد خه‌باتمان كردووه و شه‌هیدمان داوه له ریزی پێشمه‌رگه و له پێناو سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا.
مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله باس له‌وه ده‌كه‌ن كه زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر زه‌وییه‌كانی گونده‌كانی مه‌سیحی له دۆڵی نههلهدا به‌رده‌وامی هه‌یه له‌لایه‌ن كه‌سانێكی ده‌ستڕۆیشتوو له دانیشتووانی باكرمان و شه‌رمین كه گه‌وره‌ی عه‌شیره‌تی زێباری تێدا نیشته‌جێیه.
(شێخ ره‌زا زێباری) سه‌رۆكی عه‌شیره‌تی زێباری له دانیشتنێكدا له‌گه‌ڵ تیمی مه‌یدانی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی له ماڵه‌كه‌ی خۆی له گوندی شه‌رمین له‌باره‌ی داگیركردنی زه‌وی مه‌سیحییه‌كان له‌لایه‌ن كه‌سانێكی ده‌ستڕۆیشتووی ناو عه‌شیره‌ته‌كه‌ی، گوتی:
كێشه‌كه له نێوان زێباری و مه‌سیحییه‌كاندا نییه، مه‌سیحییه‌كان برای ئێمه‌ن. پێكه‌وه ده‌ژین و چه‌ندین خه‌ڵكی زێباری هه‌بووه كه مه‌سیحی و جوله‌كه بووه. ئه‌وانه‌ی كێَشهی موڵكدارییان هه‌یه ئاشوورییه‌كانن كه له ساڵی 1927 مه‌لیك غازی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بۆ ناوچه‌كه‌ی هێنان وه‌كو گونده‌كانی كهشكاوا، شیلێ، بیلمهندێ، بیرۆك، چه‌م روبهتكێ و به‌شێك له‌و گوندانه به‌تایبه‌تی گوندی شێلێ، پێش ئه‌وه‌ی ئاشورییه‌كانی تێدا نیشته‌جێ بێت، زێبارییه‌كان له‌وێ بوون و خاوه‌ن موڵك بوون. ئه‌وان میوان بوون و له سایه‌ی زێبارییهكاندا بوون به خاوه‌ن ماڵ و موڵك. ئاشوورییه‌كان ئێستا بوونه‌ته دوو به‌ش، به‌شێك هیچ كێشه‌یان نییه و به‌شێوه‌یه‌كی ئارام و دوور له توندوتیژی ده‌ژین، به‌شێكی تر كێشه دروست ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت دان به كورد دانانێن و ئاڵای كوردستانیش هه‌ڵناكه‌ن. ئه‌و خانووانه‌ی پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به بڕیاری پارێزگار رووخێنران، ئێستا دروست نه‌كرا بوون، به‌ڵكو پێش 50 ساڵ دروستكراون و ئێستا ته‌نیا نۆژه‌ن كراونه‌ته‌وه. ئه‌و گوند و خانووانه به بڕیاری قایمقامیه‌ت و ناحیه و له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلول بۆ خه‌ڵكی گوندی باكرمان دانراون، به‌ڵام ئاشوورییه‌كان دان به یاسا دانانێن و كێشه دروست ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دادگا و سه‌ركردایه‌تی كورد ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دادوه‌ری ئاشووریش بڕیار بده‌ن ئێمه رازین و رێز له یاسا ده‌گرین، به‌ڵام ئه‌وان له یاسا لاده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر من له نێوان ئه‌وان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه نه‌بووایه‌م، ئه‌وه كێشه‌ی زیاتر له نێوانیاندا دروست ده‌بوو.
به‌درێژایی زیاتر له نیو سه‌ده له هه‌بوونی كێشه‌ی زه‌وی و زار له دۆڵی نههلهدا، تا ئێستا كرده‌یه‌كی توندوتیژانه كه قوربانی لێ بكه‌وێته‌وه، تۆمار نه‌كراوه، ئه‌وه‌ش خاڵێكی ئه‌رێنییه له‌مه‌ڕ دانیشتووانی ناوچه‌كه كه په‌نایان بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی توندوتیژانه نه‌بردووه، له‌كاتێكدا كێشه‌كانی زه‌وی و زار له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا، به‌رده‌وام بوونه‌ته هۆكاری دروستبوونی كۆمه‌ڵێك كاره‌ساتی تر، له شه‌ڕ و كوشتن و دوژمندارێتی خوێناوی، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ش نییه كه چاوه‌ڕوانی رووداوی توندوتیژانه ناكرێت، به‌ڵكو له ئه‌گه‌ری زیاتر په‌راوێزخستنی كێشه‌كاندا، مه‌ترسی پێكدادانی توندوتیژانه له نێوان مه‌سیحییه‌كان و دانیشتووانی گونده‌كانی دراوسێیان، به‌رده‌وام ئه‌گه‌رێكی كراوه ده‌بێت. به‌تایبه‌ت كه له‌و چه‌ند مانگه‌ی رابردوودا به‌ته‌واوه‌تی هه‌ست به نیگه‌رانییه‌كی زیاتر له ئاستی مه‌سیحییه‌كان و قوڵبوونهوهیهكی زیاتر له ئاستی كێشه‌كان له واقیعه‌كه‌دا ده‌كرێت.
په‌ره‌سه‌ندنی كێشه‌كان له ناكۆكیی له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی زه‌وی بۆ شه‌ڕ و كوشتن، حاله‌تێكی به‌ربڵاوه له هه‌رێمی كوردستاندا، له هه‌ندێك له‌و كێشانه‌دا، چه‌ندین خه‌ڵك كوژراون و كێشه‌كان له كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وی و زاره‌وه بۆ كێشه‌ی خوێنداریی ته‌شه‌نه‌یان سه‌ندووه. له 14ی ئازاری 2012دا به‌هۆی كێشه‌ی زه‌وی و زار له سنووری شاره‌دێی ته‌كیه‌ی سه‌ر به شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ 5 كه‌س كوژران و 4 كه‌سی تر بریندار بوون. له 14ی حوزه‌یرانی 2013یشدا، شه‌ڕ له نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ی كه‌ركووك به‌هۆی زه‌وی و زاره‌وه دروست بوو كه تیایدا 5 كه‌س كوژران و 6 كه‌سی تر بریندار بوون.
ئه‌و رووداوه خوێناوییانه، به‌رده‌وام دووباره بوونه‌ته‌وه، له 18ی نیسانی 2015دا به‌هۆی كێشه‌ی زه‌وی و زار له سنووری شاره‌دێی هه‌ریر، 3 كه‌س كوژران و كه‌سێكیش بریندار كرا، هاوكات له شه‌وی 1/2ی ئه‌یلولی 2015دا شه‌ڕ له نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ی سنووری شاره‌دێی ته‌قته‌ق دروست بوو كه ناكۆكییان له‌سه‌ر زه‌وی و زار هه‌بوو، به‌و هۆیه‌وه 5 كه‌س كوژران و 4 كه‌سی تر بریندار بوون و له 1ی ته‌موزی 2016یشدا، به‌هۆی كێشه‌ی زه‌وی و زار له نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ی سنووری ناحیه‌ی قوشته‌په، 5 كه‌س كوژران و چه‌ند كه‌سێكی تر بریندار بوون.
ئه‌و داتایانه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌وه‌مان نیشان ده‌ده‌ن كه ده‌سته‌وه‌ستانی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به خاوه‌ندارێتی زه‌وی، له دواجاردا كاره‌ساتی گه‌وره‌ی دروست كردووه. له زۆرێك له‌و دۆسیانه‌دا تێبینی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی گه‌وره له‌ئاستی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كاندا ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت كه هه‌ندێك له‌و ناكۆكییانه به‌درێژایی زیاتر له 20 ساڵ چاره‌سه‌ر نه‌كراون و به‌و هۆیه‌وه كاره‌ساتی خوێناوی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، هاوشێوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه خوێناوییه‌ی له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2013دا له‌نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ی سنووری شاره‌دێی دێگه‌ڵه روویدا و 6 كوژراوی لێكهوتهوه، بنه‌ڕه‌تی ئه‌و ناكۆكییه بۆ سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه و له‌و ماوه‌یه‌دا نزیكه‌ی 13 قوربانی له هه‌ردوو به‌ره‌دا هه‌یه.
ئه‌وه به‌ته‌واوه‌تی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردن و ستایشه كه به‌درێژایی زیاتر له نیو سه‌ده له ناكۆكی له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی دۆڵی نه‌هله، سه‌ره‌ڕای تێوه‌گلانی ده‌یان خێزانی خاوه‌ن زه‌وی له‌و رووه‌وه، به‌ڵام هیچ رووداوێكی توندوتیژانه له نێوان لایه‌نه‌كانی كێشه‌كه‌دا تۆمار نه‌كراوه، به‌ڵام دیسان داتاكانی سه‌ره‌وه، مه‌ترسییه‌كی كراوه له به‌رامبه‌ر كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به زه‌وی و زاره‌وه نیشان ده‌ده‌ن و له‌سه‌ر لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی پێویست ده‌كه‌ن، رێگه‌چاره‌سه‌ری كرده‌نی و هه‌نگاوی خێرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌به‌ر بگرن.
به‌ره‌چاوكردنی هه‌موو ئه‌و داتا و حاله‌ته گشتییانه‌ش كه په‌یوه‌ندییان به كێشه‌كانی زه‌وی و زار له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، دۆسیه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌ویی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله، تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه و په‌یوه‌سته به شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌ته‌ك دۆسیه‌ی پێكهاته و كه‌مینه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌وه راستییه‌كه ئه‌گه‌ر داگیركردنی زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله له ئێستادا، كرده‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو-یش نه‌بێت هاوشێوه‌ی ئه‌و كرده‌یه‌ی كه به دووپاتكردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌كان له‌لایه‌ن رژێمی فه‌رمانڕه‌وای عێراقییه‌وه به ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه ئه‌نجام دراوه، ئه‌وه چاره‌سه‌ر نه‌كردنی كێشه‌كان و به‌رده‌وامی زیاده‌ڕۆییه‌كان له دوای زیاتر له 25 ساڵ له پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌م خه‌مساردی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان له‌مه‌ڕ كێشه‌ی پێكهاته‌كان و هه‌م سیاسهتكردنێك به هه‌مان ئاراسته‌ی پێشوو دووپات ده‌كاته‌وه.
یه‌كێكی تر له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی په‌یوه‌ست به كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی و زیاده‌ڕۆییه‌كان له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كان، هه‌بوونی دوو پێكهاته‌ی جیاوازه له ناو كێشه‌كه‌دا، ئه‌گه‌ر له دۆسیه‌كانی زه‌وی و زار له سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا، هه‌ردوو لایه‌نی كێشه‌كه له یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك ئایین پێك دێن، حاله‌ته‌كه له دۆڵی نههلهدا جیاوازی هه‌یه، لایه‌نێكی كێشه‌كه كه زه‌وییه‌كه‌ی داگیركراوه به نه‌ته‌وه و ئایین له لایه‌نی دووه‌م كه زه‌وییه‌كه‌ی داگیر كردووه جیاوازه، ئه‌وه‌ش سه‌رده‌كێشێت بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی كێشه‌كه له كێشه‌ی زه‌وی و زاره‌وه بۆ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌تر و مه‌ترسیدارتر كه كێشه‌ی نێوان پێكهاته‌كانه. كاتێك سروشتی كێشه‌كه له كێشه‌ی زه‌وی و زاره‌وه بۆ كێشه‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌گۆڕێت، بارودۆخێكی تر دێته‌ئاراوه كه چیتر ئه‌و كێشه‌یه نه‌ك هه‌ر له دۆڵی نههلهدا كۆنترۆڵ ناكرێت، به‌ڵكو بۆ په‌یوه‌ندی، هه‌ڵوێست و تێڕوانین له‌مه‌ڕ مه‌سیحییه‌كان له هه‌موو كوردستاندا سه‌رده‌كێشێت.
هه‌ڵوێستی دادگا و دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌كان
له دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 و پێكهێنانی كابینه‌ی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌ویی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله، به‌تایبه‌ت دۆسیه‌ی زیاده‌ڕۆییه‌كان له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی گوندی كهشكاوا و گه‌ڕه‌سۆر راسته‌وخۆ بۆ سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی و دواتر دادگا و پۆلیس به‌رز كراوه‌ته‌وه، پاش سكاڵای مه‌سیحییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی زیاده‌ڕۆییان له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیان كردووه.
به‌گوێره‌ی نووسراوێكی لیژنه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی/ئاكرێ داوای ئاماده‌بوونی یه‌كێك له‌و هاوڵاتیانه كراوه كه زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی سنووری كهشكاوه/گه‌ڕه‌سۆر كردووه، نووسراوه‌كه رۆژی 16ی ئه‌یلوولی 1992ی ده‌ست نیشان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتییه له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی ئاكرێی به‌ره‌ی كوردستانی ئاماده بێت. له نووسراوێكی دیكه‌ی لیژنه‌ی كشتوكاڵی ئاكرێ به ژماره 488 كه له 14ی تشرینی یه‌كه‌می 1992 ده‌رچووه و ئاراسته‌ی لیژنه‌ی ئاكرێی به‌ره‌ی كوردستانی كراوه، ئاماژه به ناوه‌ڕۆكی نووسراوه‌كانی چه‌ند لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار كراوه كه تیایدا دووپاتیان له زیاده‌ڕۆییه‌كانی هه‌ردوو هاوڵاتییه‌كه كردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كاندا.
نووسراوێكی ئاگه‌داركردنه‌وه كه له 6ی ئازاری 1993 له بنكه‌ی پۆلیسی ئاكرێ ده‌رچووه، داوای ئاماده بوونی هه‌مان هاوڵاتی و یه‌كێكی تر ده‌كات و له نووسراوێكی دیكه‌ی بنكه‌ی پۆلیسی ئاكرێ، له 13ی ئازاری 1993دا دووباره داوای ئاماده‌بوونی ئه‌و دوو هاوڵاتییه و هه‌مان بنكه‌ی پۆلیس له 14ی نیسانی 1993 دووباره بانگهێشتی هه‌ردوو هاوڵاتی كردووه‌ته‌وه و ئاماژه به بڕیاری قایمقام كراوه كه له به‌رامبه‌ر نائامادهبوونیاندا، رێوشوێنی یاسایی له‌به‌ر ده‌گیرێت.
له ماوه‌ی ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، چه‌ندین نووسراو له بنكه‌كانی پۆلیس و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كشتوكاڵ، قایمقامیه‌تی ئاكرێ و لیژنه‌كانی كشتوكاڵی و پارێزگه‌ی دهۆك له‌باره‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌ویی گونده مهسیحینشینهكانی دۆڵی نه‌هله ده‌ركراون و هه‌موو ئه‌وه‌ش گوزارشت له به‌رده‌وامی كێشه‌كان ده‌كاته‌وه.
هه‌ندێك له نووسراوه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه، خاوه‌ندارێتی زه‌وییه كێشه له‌سه‌ره‌كان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه، بۆ نمونه، له 17ی ئایاری 1995 لیژنه‌یه‌ك له پارێزگای دهۆك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌ك له گوندی چه‌م رهبهتكی به سه‌رۆكایه‌تی پارێزگاری دهۆك و ئه‌ندامییه‌تی هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی دهۆك، نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری پێك هاتووه.
لیژنه‌كه دوای به‌دواداچوون و پاڵپشت به یاسا و بڕیاره‌كانی په‌یوه‌ست به زه‌وییه‌كانی گونده‌كه، دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه له ساڵی 1927ه‌وه تا ئه‌وكات و به‌گوێره‌ی ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ی په‌یوه‌ست به خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كان ده‌ركراون، مه‌سیحییه‌كان خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ئه‌و زه‌وییانه‌ن.
پێكهێنانی ئه‌و لیژنه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا بۆ چاره‌سه‌ركردن و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی 40 دۆنم زه‌وی سنووری گونده‌كه‌یه له‌نێوان هاوڵاتییه‌كی مه‌سیحی و یه‌كێكی تر كه زه‌وییه‌كه‌ی به‌كارهێناوه، بۆ لیژنه‌كه ده‌ركه‌وتووه هاوڵاتی دووه‌م به‌هه‌مان شێوه به‌ڵگه‌نامه‌ی زه‌وییه‌كه‌ی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه له‌سه‌رده‌مێكی تایبه‌ت و له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عس له ناوچه‌كه ده‌ركراوه، كه به بڕیاری سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول، بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و بڕیارانه به هه‌ڵوه‌شاوه داده‌نرێن و به‌و هۆیه‌وه خاوه‌ندارێتی راسته‌قینه‌ی زه‌وییه‌كه بۆ مه‌سیحییه‌كان گێڕدراوه‌ته‌وه.
به‌رپرسانی كارگێڕی ناوچه‌كه دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه به‌درێژایی ده‌یان ساڵی رابردوو كه كێشه له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله هه‌بووه، ئه‌و كێشانه‌ی ئاراسته‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كراون به‌شێكیان چاره‌سه‌ر كراون و به‌شێكیان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه.
(هه‌ڤال محه‌مه‌د ) به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی چه‌مانكێی سه‌ر به شارۆچكه‌ی ئامێدی له 4ی ئابی 2016 به تیمی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی گوت:
كێشه‌ی زه‌وی له نێوان مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله و خه‌ڵكی گونده‌كانی سنووره‌كه بۆ زیاتر له نیو سه‌ده پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه. تا ئێستا به‌شێكی زۆر له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر كراون وه‌ك چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له كێشه‌كانی زه‌وی و زار له گوندی چه‌م رهبهتكێ، به‌ڵام له هه‌ندێك گوندی تر وه‌ك گوندی ژولێ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كراون، كێشه‌ی به‌شێك له‌و زه‌وییانه به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی خاوه‌ندارێتی و بڕیاری چاكسازی كشتوكاڵی وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه. ئێمه وه‌ك ئیداره‌ی ناوچه‌كه به‌رده‌وام هاوكاری داموده‌زگاكانی حكومه‌ت ده‌كه‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری خێرا بۆ كێشه‌كان. لای ئێمه كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به زه‌وی بۆ دادگای به‌رایی سه‌رسنگ به‌رز ده‌كرێته‌وه. ئێستا مه‌سیحییه‌كان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه به‌ڵگه‌كانی خۆیان پێشكه‌شی دادگا كردووه، هه‌رچه‌ند به‌شێك له‌و موڵكانه له ساڵی 1998 یه‌كلایی كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام دادگا ده‌یه‌وێت زیاتر رۆبچێته ناو بابه‌ته‌كه و هێزی زیاتری یاسایی پێ بدات، به‌تایبه‌ت كه به‌شێك له‌و زه‌وییانه زیاده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه و به‌شێكیش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.
له 18ی ئایاری 1997 لیژنه‌ی كشتوكاڵی پارێزگای دهۆك نووسراوێكی له‌باره‌ی گوندی هیزانكێی سه‌روو و خواروو ئاراسته‌ی قایمقامیه‌تی شارۆچكه‌ی ئاكرێ كردووه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه زه‌وییه‌كانی هیزانكێ به‌پێی یاسای ژماره 90ی ساڵی 1975 زه‌وی میرین و له‌لایه‌ن 117 جووتیاری مه‌سیحییه‌وه به‌كارده‌هێنرێن، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به بڕیاری ژماره 3598 له 30/10/1975دا.
تێبینی ده‌كرێت له هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌دا، دامه‌زراوه دادوه‌رییه‌كان له ئاستی دادگاكانی تایبه‌تمه‌ند و ئه‌و لیژنانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زیاده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله پێك هێنراون، له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به به‌دواداچوون و بڕیاردانه‌وه هه‌یه، پاڵپشت به به‌ڵگه‌نامه فه‌رمییه‌كانی تۆماری زه‌وی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كشتوكاڵ، كاری خۆیان كردووه و له هه‌ندێك دۆسیه‌دا به‌زوویی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كان بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، به‌ڵام كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی له جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیارهكاندایه كه وا ده‌كات هه‌مان كێشه‌كان به‌رده‌وام دووباره ببنه‌وه.
كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله، وه‌ك دۆسیه‌ی یاسایی له ئاستی جووتیاره مه‌سیحییه‌كانه‌وه بۆ دادگاكانی ئاكرێ و دهۆك به‌رز كراونه‌ته‌وه و له‌و ساڵانه‌ی رابردووش‌دا لانی كه‌م سێ دۆسیه‌ی یاسایی له دادگای به‌رایی ئاكرێ له به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سیحییه‌كان بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه، له ناویاندا دۆسیه‌ی داگیركردنی زه‌وییه‌كانی دوو جووتیاری مه‌سیحی به‌ناوه‌كانی ره‌مزی تۆما ساوا و ساوا تۆما ساوا كه له ساڵی 2005 بۆ دادگه‌یی به‌رایی ئاكرێ به‌رز كراوه‌ته‌وه و له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو هاوڵاتی مه‌سیحی بڕیاری له‌سه‌ر دراوه و دواتر له ساڵی 2007 له دادگه‌ی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێر بڕیاری یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌رچووه.
تێبینی ده‌كرێت، له‌و دۆسیانه‌ی مه‌سیحییه‌كان وه‌ك سكاڵای یاسایی دژ به زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیان بۆ دادگاكانی په‌یوه‌ندیداری به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، دادگاكان به‌شێوه‌ی ئاسایی، رێوشوێنی یاساییان له‌به‌رگرتووه و هه‌ندێك له دۆسیه‌كان دوای لێكۆڵینه‌وه و ته‌واوكردنی قۆناغه‌كانی دادبینی، بڕیاری كۆتاییان له‌سه‌ر ده‌رچووه، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی له قۆناغی دوای بڕیاره‌كانی دادگا دروست ده‌بێت كه په‌یوه‌سته به جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیاره‌كانی دادگا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه و به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ش له‌ناویاندا به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی چه‌مانكێ دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه درێژه‌كێشانی كێشه‌كه و چاره‌سه‌رنه‌كردنی، كێشه‌ی دیكه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
دۆسیه‌ی نه‌هله له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا
به‌رده‌وامی زیاده‌ڕۆییه‌كان بۆ سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله له‌لایه‌ك و جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیاره‌كانی دادگا له‌مه‌ڕ كێشه‌ی داگیركردنی زه‌وی و زاری مه‌سیحییه‌كان، وای كرد، نوێنه‌رایه‌تی هێزه‌كانی سیاسی مه‌سیحی، دۆسیه‌كه بخه‌نه به‌رده‌ست په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌و ئامانجه‌ی له ئاستێكی باڵادا كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كان بكرێت.
له سه‌ره‌تای ساڵی 2015دا، هه‌ر سێ فراكسیۆنی مه‌سیحی له په‌رله‌مانی كوردستان (گردبوونه‌وه‌ی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشووری، رافیده‌ین و ئه‌بنا ئه‌لنه‌هره‌ین) راپۆرتێكیان به‌ناونیشانی (دۆسیه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچه‌كانی كلدانی سریانی ئاشووری له پارێزگای دهۆك/كوردستان-عێراق) بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رز كردووه‌ته‌وه.
راپۆرته‌كه به نووسراوێكی ره‌سمی له‌لایه‌ن 9 پارت و لایه‌نی سیاسی كلدانی سریانی ئاشوورییه‌وه كه پێك دێن له (ئه‌نجوومه‌نی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشووری، حزبی به‌یت نه‌هره‌ینی ئاشووری، ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌یی كلدانی، بزووتنه‌وه‌ی گردبوونه‌وه‌ی سریان، حزبی نیشتمانی ئاشووری، منبری دیموكراتی كلدانی، یه‌كێتی نیشتمانی به‌یت نه‌هره‌ین، لیستی وهركای دیموكراتی و قه‌واره‌ی ئه‌بنا نه‌هره‌ین) پشتیوانی كراوه.
(دۆسیه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچه‌كانی كلدانی سریانی ئاشووری)، هه‌ڵوه‌سته‌كردنێكی گشتییه له سه‌ر زیاده‌ڕۆیی سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی سنووری پارێزگای دهۆك و زیاتر له 53 كه‌یسی تێدا تۆمار كراوه كه له سه‌رده‌می رژێمه‌كانی پێشووی عێراق تا ئێستا رووبه‌ڕووی گۆڕانكاری دیمۆگرافی كراونه‌ته‌وه و داگیركراون. راپۆرته‌كه داگیركردنی زه‌وی مه‌سحییه‌كان بۆ سێ قۆناغی یه‌ك له دوای یه‌ك دابه‌ش ده‌كات، به‌م شێوه‌یه:
قۆناغی یه‌كه‌م: له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، كاتێك گه‌لی كلدانی سریانی ئاشووری، چوونه پاڵ شۆڕشی كورد به سه‌رۆكایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ داواكردنی مافه زه‌وتكراوه‌كانیان له‌لایه‌ن رژێمه‌كانی عێراقی و به‌و هۆیه‌وه رووبه‌رێكی زۆر له زه‌وی مه‌سیحییه‌كان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا و به لایه‌نگرانی رژێم به‌خشراوه‌ته‌وه كه به‌پێی راپۆرته‌كه زۆرینه‌یان كورد و خه‌ڵكی گونده دراوسێكان بوون.
قۆناغی دووه‌م: په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی چۆڵكردنی پشتێنه‌ی سنوور له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس، بۆ پچڕاندنی رێگاكانی پشتیوانی و یارمه‌تی بۆ شۆڕش، به‌و هۆیه‌وه ده‌یان هه‌زار دۆنم زه‌وی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا و كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوونی له‌سه‌ر دامه‌زرێنرا یان بۆ پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان و گه‌شتیاری گلدرانه‌وه به‌بێ هیچ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌كی خاوه‌نه‌كانیان.
قۆناغی سێیه‌م: له دوای راپه‌ڕینی 1991 ده‌ست پێ ده‌كات، كه به‌هۆی لاوازی هێزی یاسا و كه‌مته‌رخه‌می ده‌زگاكانی ئاسایش و گوێپێنه‌دانی حكومه‌ته خۆجێییه‌كان، چه‌ندین پارچه زه‌وی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی گونده دراوسێكانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه و حالهتهكهش به‌بێ چاره‌سه‌ركردن وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه و به‌رده‌وامی هه‌یه. سه‌رباری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌وی به پاساوی سوودی گشتی یان به‌هۆی یاسای نادادپه‌روه‌رانه‌ی شاره‌وانییه‌وه.
پاش به‌رزكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كه، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له 25ی ئازاری 2015 به نووسراوێكی فه‌رمی كه ئیمزای د. یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مانی له‌سه‌ره، دۆسیه‌كه‌ی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كردووه. ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له 1ی نیسانی 2015 به نووسراوی ژماره 2485 كه ئیمزای نێچیرڤان ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی له‌سه‌ر هاتووه، دۆسیه‌كه‌ی (به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه) ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كردووه، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێك له وه‌زاره‌تی ناوخۆوه بۆ په‌رله‌مان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، جگه له نووسراوه‌كه‌ی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، كه له رێگه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه ئاراسته‌ی فراكسیۆنه‌كانی مه‌سیحی كراوه‌ته‌وه.
به‌پێی نووسراوی ژماره 6/356 كه له 29ی حوزه‌یرانی 2015 سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی له هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دادی كردووه، داوا له وه‌زاره‌ته‌كه ده‌كات نووسراوێك ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بكات و داوا له وه‌زاره‌تی ناوخۆ بكرێت كه پابه‌ند بێت به جێبه‌جێ كردنی ناوه‌ڕۆكی یاسای ژماره 5ی ساڵی 2015ی تایبه‌ت به پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا و به‌تایبه‌ت ماده‌ی سێیی یاسایه‌كه تایبه‌ت به چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ی له‌سه‌ر ناوچه‌كانی پێكهاته‌كان ئه‌نجام دراوه.
پاش ئه‌و نووسراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی، وه‌زاره‌تی دادی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نووسراوێكی به ژماره 3/1548 و له رێككه‌وتی 11ی ته‌موزی 2016 ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كردووه و هه‌مان راپۆرتی تایبه‌ت به دۆسیه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچه‌كانی كلدانی، سریانی ئاشووری هاوپێچ كردووه به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه.
پێش به‌رزكردنه‌وه و ئاراسته‌كردنی راپۆرتی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان له رێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه بۆ حكوومه‌ت و دواتر بۆ داواكاری گشتی، له 14ی نیسانی 2016دا، ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان به نووسراوێكی فه‌رمی سكاڵای هاوڵاتیانی گوندی كهشكاوا و گونده‌كانی ژولێ، هیزانكی سه‌روو، هیزانكی خواروو و خلیلانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی به‌رز كردووه‌ته‌وه. نووسراوه‌كه‌ی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ، له بنه‌ڕه‌تدا سكاڵای دانیشتووانی ئه‌و گوندانه‌یه و له رێگه‌ی ئه‌و ده‌سته‌یه‌وه ئاراسته‌ی داواكاری گشتی كراوه. له‌و سكاڵایه‌دا ئاماژه به ناوی دوو كه‌س (م. س. م. ت) و (ح. ه. ر) كراوه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی دوو كه‌سی (ده‌ستڕۆیشتوو)ی ناوچه‌كه‌ن و هه‌ستاون به داگیركردن و زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له كه‌رته‌كانی (89-90)ی گونده مهسیحینشینهكانی دۆڵی نه‌هله. هه‌مان سكاڵا و نووسراوی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌مان رێككهوتهدا بۆ نووسینگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه كراوه.
سكاڵایه‌كه‌ی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتییه‌وه بۆ داواكاری گشتی ئاكرێ ره‌وانه كراوه و له ئاستی داواكاری گشتی ئاكرێ به‌دواداچوون له‌سه‌ر دۆسیه‌كه كراوه، ئه‌وه‌ش به‌پێی نووسراوێكی داواكاری گشتی له ئاكرێ كه له 25ی ئایاری 2016 بۆ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی ناردووه و تیایدا جه‌ختی له به‌دواداچوون و له‌به‌رگرتنی رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر به سكاڵای دانیشتووانی گوندی كهشكاوا كردووه‌ته‌وه. به‌ڵام هه‌رچی په‌یوه‌ندی به سكاڵای دانیشتووانی گونده‌كانی ژولێ، هیزانی سه‌روو، هیزانكی خواروو و خهلیلانییهوه هه‌بێت، داواكاری گشتی ئاكرێ نه‌یتوانیوه كاری له‌سه‌ر بكات، چونكه ئه‌و گوندانه له‌رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به قه‌زای ئامێدین، به‌ڵام ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه ئه‌وان له رێگه‌ی خۆیانه‌وه هه‌مان سكاڵایان بۆ داواكاری گشتی ئامێدی ره‌وانه كردووه.
نووسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی ئاكرێ كه له 25ی ئایاری 2016 وه‌ك وه‌ڵام و روونكردنه‌وه بۆ داواكاری گشتی ئاكرێ به‌رز كراوه‌ته‌وه، دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه زه‌وییه‌كانی گوندی كهشكاوا خاوه‌ندارێتیان بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌گه‌ڕێته‌وه و جووتیارانی ئه‌و گونده گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كشتوكاڵی ئاكرێ نییه. هاوكات نووسراوێكی دیكه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ی دینارته، كه وه‌ك روونكردنه‌وه بۆ داواكاری گشتی ئاكرێ له 10ی ئایاری 2016 ره‌وانه كراوه، دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه له تۆماری خانووبه‌ره‌ی ئاكرێ، كهشكاوا و گه‌ڕه‌سۆر له دوو گوند پێك هاتووه كه هه‌ردوو گوند موختار و مۆری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه.
ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی هه‌ردوو سكاڵای دانیشتووانی گوندی كهشكاوا و دانیشتووانی گونده‌كانی ژولێ، هیزانكی سه‌روو، هیزانكی خواروو و خه‌لیلانی تێبینی ده‌كرێت، پاش ئه‌وه‌ی سكاڵایه‌كه له رێگه‌ی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ بۆ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی به‌رز كراوه‌ته‌وه، له سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتییه‌وه به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ئه‌وه ئاراسته‌ی داواكاری گشتی ئاكرێ كراوه و له ئاستی داواكاری گشتی ئاكرێ-شدا راسته‌وخۆ ده‌ست به‌دواداچوون كراوه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كشتوكاڵ و ناحیه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه روونكردنه‌وه‌ی تایبه‌تیان بۆ داواكاری گشتی به‌رز كردووه‌ته‌وه.
دۆسیه‌ی زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رز كراوه‌ته‌وه و به‌گوته‌ی لایه‌نه مه‌سیحییه‌كان له ئاستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا، لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه پێك هاتووه.
(میخائیل بینیامین) نووسه‌ر و چالاكی مه‌ده‌نی مه‌سیحی له پارێزگای دهۆك و خه‌ڵكی ناوچه‌ی نه‌هله، به تیمی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی گوت:
له‌لایه‌ن (پۆلس مالك خۆشابا) یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه، له سه‌ردانێكی تایبه‌تدا بۆ نووسینگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دۆسیه‌ی زیاده‌ڕۆیی سه‌ر زه‌وییه‌كانی ناوچه‌ی نه‌هله‌ی پێشكه‌ش به سیداد بارزانی به‌رپرسی نووسینگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كردووه و ئه‌ویش پێی راگه‌یاندووه كه دۆسیه‌كه به‌ده‌ستی خۆی ده‌خاته سه‌ر مێزی سه‌رۆكی هه‌رێم.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی له ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤه‌وه سكاڵای دانیشتووانی دۆڵی نه‌هله ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه، له ئاستی لایه‌نه سیاسییه‌كانی مه‌سیحیشدا، دیسانه‌وه هه‌وڵ دراوه كێشه‌كه به سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نرێت.
(رۆمیۆ هه‌كاری) سكرتێری حزبی به‌یت نه‌هره‌ین به تیمی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی گوت:
خودی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو مهسهلهكهدایه و ئه‌وه‌ی له‌م دواییه روویدا به لابردنی خانووی زیاده‌ڕۆیی له گوندی ژولێ به ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و بووه. لابردنی به‌شێك له زیاده‌ڕۆییه‌كانی گوندی ژولێ سه‌ره‌تای چاره‌سه‌رییه و ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ر كردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان، ئێمه ده‌زانین كات و هه‌وڵێكی باشی ده‌وێت و پێویسته لایه‌نی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ش ره‌چاو بكرێت. سه‌رۆكی هه‌رێم زیاتر له هه‌مووان كاریگه‌ری هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه. له كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان، به‌ڵێنی دا، كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت و به‌پێی زانیارییه‌كانی من پێش ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ش به‌ڵێنێكی دا بوو، كه‌واته نیه‌ت هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردن.
تێڕوانینی لایه‌نه مه‌سیحییه‌كان
به‌رده‌وامی كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی و داگیركردنی زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله، هه‌ڵوێستێكی وه‌های له ئاستی نوێنه‌رانی مه‌سیحی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك و په‌رله‌مانی كوردستان و حزبه سیاسییه‌كانی كلد و ئاشوور و سریانی دروست كردووه، كه پێویسته ده‌كات كێشه‌كان به بڕیارێكی سیاسی یه‌كلایی بكرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌و روانگه‌یه‌وه كه دادگا له واقیعدا هێزی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نییه، چونكه ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كانی دادگا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردنه‌وه، جێبه‌جێ نه‌كرێن، له كۆتاییدا و له واقیعدا هیچ ئه‌نجامێك به‌ده‌سته‌وه نادات جگه له درێژكردنه‌وه‌ی كێشه‌كه.
(نینوس عودیشو) نوێنه‌ری مه‌سحی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسا له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك له دیداره‌كه‌ی تیمی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی، پێی وا بوو:
له رابردوودا رێگه‌ی دادگا تاقیكراوه‌ته‌وه و بڕیاری دادگه له به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سیحییه‌كان ده‌رچووه، به‌ڵام بڕیاره‌كان نه‌چوونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، بۆیه ده‌بێت كێشه‌كه له رێگه‌ی سیاسی و رێكه‌وتنی نێوان كه‌س و لایه‌نه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، به تایبه‌تی له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاشورییه‌كان كه ئه‌وان نوێنه‌ری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ن. له‌كاتێكدا بێده‌نگی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان زێده‌ڕۆیی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و موڵكانه له‌و شوێنه و چه‌ند شوێنێكی تر دروست ده‌كات.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك نوێنه‌ری لایه‌نه مه‌سیحییه‌كان، نوێنه‌ری خه‌ڵكی ناوچه‌ی نه‌هله و لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی كشتوكاڵ هه‌یه، به‌ڵام مه‌سیحییه‌كان به ره‌سمی هیچ سكاڵایه‌كیان پێشكه‌ش به‌و ئه‌نجومه‌نه نه‌كردووه.
(فارس یوحنا بالیوس مركهی) نوێنه‌ری مه‌سیحی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك له 2ی ئابی 2016دا به تیمی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی گوت:
تا ئێستا هیچ كه‌س و لایه‌نێك به شێوه‌ی فه‌رمی سكاڵای له‌سه‌ر ئه‌و موڵكه كێشه‌دارانه بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك نه‌هێناوه. ئه‌و زه‌وییانه‌ی كێشه‌یان له‌سه‌ره ده‌كه‌ونه دۆڵی نههلهوه و له رابردووش‌دا كێشه‌ی زۆریان له‌سه‌ر دروست بووه. ئێمه وه‌ك لیژنه‌ی كشتوكاڵ سه‌ردانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه بزانین چی له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌گوزه‌رێت و دواتر په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حكومه‌ت ده‌بێت. له‌راستیدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به دادگاكان بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی به قووڵی بچنه ناو كێشه‌كه و چاره‌سه‌ریی بكه‌ن. له رابردوودا به‌شی زۆری زه‌وی سنووری دهۆك له ژێر یاسای چاكسازی كشتوكاڵی عێراقی یه‌كلایی كراوه‌ته‌وه و له‌و كاته‌شدا ئه‌و زه‌وییانه له ژێر ركێفی مه‌سیحییه‌كان بوون، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه كه خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كان بۆ مه‌سیحییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. لایه‌نی به‌رامبه‌ریش ده‌توانێت به‌ڵگه‌كانی پێشكه‌ش بكات و بیسه‌لمێنێت ئه‌و زه‌وییانه هی ئه‌وانن، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه داوا بكه‌ن ئێمه ده‌توانین به‌دواداچوونی جدی بۆ كێشه‌كه بكه‌ین.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته بۆچوونێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكه‌كانی هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌كرێت. لاوازی روڵی یاسا و بارودوخی ناجێگری كوردستان بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه كێشه‌ی زیاتر دروست ببێت و درێژه بكێشێت، بۆیه ده‌بێت لێره دادگا و یاسا سه‌روه‌ر بن و هێزه ناوخۆییه‌كان رۆڵێكی ئه‌رێنی ببینن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه بچنه واری جێبه‌جێكردن.
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت نوێنه‌رانی مه‌سیحی له ئاستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك ئاگاداری‌یان له‌مه‌ڕ كێشه‌ی زه‌وییه‌كانی دۆڵی نه‌هله هه‌یه، به‌ڵام به‌و هۆیه‌ی كه مه‌سیحییه‌كان داوایان پێشكه‌ش نه‌كردووه، به‌دواداچوونی مه‌یدانیان نه‌كردووه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆ له نێوان په‌رله‌مان، حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا نییه بۆ چڕكردنه‌وه‌ی سه‌رنج و گه‌ڵاڵه‌كردنی هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌ش له نێوان كۆی ئه‌و دامه‌زراوانه‌دا و به ئاراسته‌ی به‌شداریكردن له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا. ئه‌وان سه‌ره‌ڕای دووپاتكردنه‌وه له‌وه‌ی پێویسته دادگا رۆڵی خۆی له یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان ببێنێت، دووپاتیش له لاوازی ده‌سه‌ڵاتی یاسا ده‌كه‌نه‌وه له رووی جێبه‌جێ كردنه‌وه و له‌و روانگه‌یه‌وه پێشنیازی رێككه‌وتنی سیاسی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا بۆچوونێكی تر هه‌یه كه پێی وایه ده‌شێت رێككه‌وتنی سیاسی به زیانی مه‌سیحییه‌كان بكه‌وێته‌وه.
(دلڤین محه‌مه‌د سه‌لیم) سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی و خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك و ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له 2ی ئابی 2016 به تیمی مه‌یدانی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی گوت:
ته‌نیا رێگه چاره ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به دادگاكان بدرێت، چونكه ئه‌گه‌ر كێشه‌كه ببێته سیاسی و نیه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كه هێزی ده‌سه‌ڵاتداره له دهۆك ئه‌وه بێت كه پشتیوانی لایه‌نێك بكات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له‌به‌رچاو بگرێت ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه ده‌توانێت ئه‌و كاره بكات، چونكه هه‌موو پۆستێكی كارگێڕی و سیاسی به ده‌سته و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی كارگێڕی و سیاسی به‌رفراوانه له هه‌موو پارێزگای دهۆك و ده‌توانێت به‌ڵگه دروست بكات و كێشه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك یه‌كلایی بكاته‌وه كه خۆی بیه‌وێت، له‌به‌رئه‌وه كێشه‌كه بووه‌ته كێشه‌یه‌كی سیاسی و عه‌شایه‌ری و له چوارچێوه‌ی یاسایی ده‌رچووه، به‌ڵام نابێت ئه‌و كێشه‌یه تێكه‌ڵی لایه‌نی سیاسی بكرێت و پێویسته دادگا رۆڵی ته‌واوی خۆی پێ بدرێت.
جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیاره‌كانی دادگا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردنه‌وه، نامتمانهیهكی له‌مه‌ڕ به‌شێك له لایه‌نه مه‌سیحییه‌كان به‌رامبه‌ر به كۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان دروست كردووه. به‌ڕاده‌یه‌ك كه پێیان وایه بانگه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان بۆ پێكه‌وه‌ژیان و مافی پێكهاته‌كان له واقیعدا كرده‌نی ناكرێته‌وه.
(سرود سه‌لیم مه‌تا موقه‌ده‌سی)، له فراكسیۆنی ئه‌بنا ئه‌لنه‌هره‌ین/سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری له په‌رله‌مانی كوردستان به تیمی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی گوت:
پێویست بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دوای 1991ه‌وه كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچه مهسیحینشینهكان بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌نگاوێكی جدی له‌و رووه‌وه نه‌ناوه. ئێمه هه‌ندێك شوێنمان له ناوچه‌ی نه‌هله هه‌یه كه تاپۆیه، وه‌ك گونده‌كانی چومهبس و گربش و دووریه، كه‌چی داگیركراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دادگا بڕیاری له‌سه‌ر داوه كه ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه چۆڵی بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك كه‌س له‌وێ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته یان حزبێكی ده‌سه‌ڵاتداری له پشته و باوه‌ڕی به یاسا نییه و خۆی له‌سه‌رووی یاساوه ده‌بینێت. ئێمه له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا ئهولهوتمان به‌و بابه‌ته داوه، دۆسیه‌یه‌كی هه‌زار و 200 لاپه‌ڕه‌ییمان ئاماده كردووه كه لیستی هه‌موو گونده‌كانی له‌خۆگرتووه و ساڵی 2015 پێشكه‌شی په‌رله‌مانمان كردووه، له‌گه‌ڵ لیستی 53 گوند كه زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر كراوه، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ناردووه و ئه‌نجوومه‌ن به نووسراوێك داوا له وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كات به‌دواداچوون بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا هیچ نه‌كراوه. به‌داخه‌وه حكومه‌ت له‌و بابه‌ته بێ لایه‌ن نه‌بووه، بۆنمونه بڕیارێكی دادگه‌ی دهۆك هه‌یه له گوندی بێبات، به‌ڵام پارێزگای دهۆك و وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆ ده‌ڵێن ناتوانین جێبه‌جێی بكه‌ین و هیچ قسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه بكه‌ین زه‌وییه‌كه‌ی داگیر كردووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێكی تر له لایه‌نه سیاسییه‌كانی مه‌سیحییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه نیه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌یه، به‌ڵام به پێویستی ده‌زانن بڕیار و رێككه‌وتنی سیاسی له نێوان لایه‌نه‌كانی مه‌سیحی له‌لایه‌ك و له نێوان مه‌سیحی و هێزی باڵاده‌ستی ناوچه‌كه كه پارتی دیموكراتی كوردستانه له‌لایه‌كی تر هه‌بێت بۆ پاڵپشتی كردن له جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی دادگا له‌باره‌ی كێشه‌ی داگیركردنی زه‌وی مه‌سیحییه‌كان.
(رۆمیۆ هه‌كاری) سكرتێری حزبی به‌یت نه‌هره‌ین بۆ تیمی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی گوتی:
له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ئێمه دوو حزبی ئاشووری بووین رێككه‌وتین كه له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه پێك بێنین، به‌ڵام نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری له‌و لیژنه‌یه كشایه‌وه و به‌و هۆیه‌وه ئێمه‌ش نه‌مانتوانی تاكلایه‌نه به‌شداری بكه‌ین و كێشه‌كه وه‌ك خۆی مایه‌وه، به‌ڵام بارودۆخی ئێستای كوردستان له‌رووی سیاسی و یاساییه‌وه جیاوازی هه‌یه، زه‌مینه‌ی ئێستا له‌باره بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه، پێویست ده‌كات رێككه‌وتنی سیاسی بكرێت به ئاراسته‌ی پشتیوانی له جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی دادگا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌وییه‌كان بۆ خاوه‌نه‌كانیان. كێشه‌یه‌كی گه‌وره و قوڵی له‌و شێوه‌یه نابێت به شێوه‌ی به‌یان و به‌شێوه‌ی قسه‌ی ناڕێك چاره‌سه‌ر بكرێت، مێزی گفتوگۆ تاكه رێگایه پێویسته بیگرینه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. ئێستا ده‌بێ دوور له ململانێی حیزبی و سیاسی، دوور بێ له به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی بۆ خزمه‌تی نه‌ته‌وه و گه‌ل هه‌وڵ بده‌ین. له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه یه‌ك گرتنی حیزب و لایه‌نه سیاسییه ئاشوورییه‌كان زه‌مانه‌تی گره‌نتی هه‌ره گه‌وره‌یه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه. ئێمه یه‌كه‌م حزب بووین یاداشتمان بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و رووه‌وه به‌رز كرده‌وه، به‌ڵام دوای هه‌ندێك ره‌فتاری ناڕێكی پارته‌كانی خۆمان و هه‌ندێك لێدوانی ئه‌ملا و ئه‌ولا وایان كرد ئێمه باوه‌ڕمان به‌و جوڵه‌یه نه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌هه‌وڵدا بووین تا هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ئاستی خه‌ڵكی ناوچه‌كه روونه‌دات.
ئه‌نجامگیرییه‌كان:
زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وی گونده مهسیحینشینهكانی دۆڵی نه‌هله واقیعێكی نكوڵی لێنه‌كراوه. به ره‌چاوكردنی ئه‌و تێبینییانهی كه تیمی مه‌یدانی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی له سه‌ردانیاندا بۆ ناوچه‌ی نه‌هله و گفتوگۆ و دیداره‌كانیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه و نوێنه‌رانی مه‌سیحییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك و په‌رله‌مانی كوردستان و كه‌سایه‌تییه سیاسی و چالاكانی مه‌ده‌نی مه‌سیحییه‌كان گه‌ڵاڵه‌یان كردووه. هه‌روه‌ك به به‌دواداچوون و هه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌شێك له دۆسیه‌كانی سكاڵا و بڕیاره‌كانی دادگا و لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیدار له ئاستی ئیداره‌ی خۆجێیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و لیژنه‌كانی په‌یوه‌ست به زه‌وی و زاری كشتوكاڵی، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌نجامگیرییه‌كان به‌كورتی له‌باره‌ی دۆسیه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله بخه‌ینه روو.
واقیعی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله
1- زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌ویی گونده مهسیحینشینهكانی دۆڵی نه‌هله رابردوویه‌كی دووری هه‌یه، له سه‌رده‌می حكومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق ده‌ست پێ ده‌كات و له سه‌رده‌می رژێمی به‌عسی عێراقی ده‌گاته خاڵێكی مه‌ترسیدار كه خۆی له هه‌وڵدانێكی راسته‌وخۆ بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه مهسیحینشینهكان ده‌بینێته‌وه و له‌و قۆناغه‌دا چه‌ندین گوندی مهسیحینشین به‌ته‌واوه‌تی رووبه‌ڕووی راگواستن بوونه‌ته‌وه.
2- له قۆناغی دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 و پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌شێكی زۆر له‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ی پێشتر له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كان كراون، به‌بێ چاره‌سه‌ریی ماونه‌ته‌وه و له به‌رامبه‌ردا و له ئاستی كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتووی ناوچه‌كه، زیاده‌ڕۆیی كراوه‌ته سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كان له چه‌ند گوندێكی دیكه‌دا.
3- داگیركردن و زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله، دوو شێوه‌ی وه‌رگرتووه، به‌شێكیان ئه‌و زه‌وییانه‌ن كه به‌هۆی سیاسه‌تی رژێمه‌كانی پێشووی عێراقییه‌وه به‌ته‌واوه‌تی له خاوه‌نه راسته‌قینه‌كانیان دابڕێنراون و تا ئێستا مافی به‌كارهێنانی ئه‌و زه‌وییانه بۆ خاوه‌نه‌كانیان نه‌گێڕدراوه‌ته‌وه و له‌هه‌ندێك حاله‌تدا زه‌وییه‌كانی گوندێك به‌ته‌واوه‌تی داگیركراون و به‌شیی دووه‌میان ئه‌و زه‌وییانه‌ن كه پێش راپه‌ڕین و دوای راپه‌ڕین له چه‌ند گوندێكی دیاریكراودا و له‌لایه‌ن كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتووی ده‌ڤه‌ره‌كه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.
4- هه‌ر له ساڵانی سه‌ره‌تای راپه‌ڕینه‌وه، ئه‌و مه‌سیحییانه‌ی زه‌وییه‌كانیان داگیر كراوه، په‌نایان بۆ لایه‌نه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی، ئیداره‌ی خۆجێیی ده‌ڤه‌ره‌كه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كشتوكاڵ و دادگا و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له حكومه‌ت، په‌رله‌مان و ... هتد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه بردووه، له هه‌ندێك دۆسیه‌دا بڕیار له به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سیحییه‌كان ده‌رچووه، به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردنه‌وه، ماف بۆ خاوه‌ن زه‌وی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
5- لایه‌نه‌كانی مه‌سیحی له ئاستی حزبه‌كانی سیاسی‌دا، به‌درێژایی زیاتر له 20 ساڵی رابردوو به‌شێوه‌ی جیاواز و له فۆڕمی جیاجیای په‌یوه‌ست به قۆناغه‌كان، هه‌وڵی خستنه رووی كێشه‌ی داگیركردنی زه‌ویی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نههلهیان داوه، به‌ڵام به‌شداری ئه‌و لایه‌نانه، ته‌نیا خستنه رووی كێشه‌كه بووه و به‌شدارییه‌كه نه‌گه‌یشووه‌ته ئاستی خستنه رووی پێشنیاز بۆ چاره‌سه‌ركردن، ئه‌وه‌ش ناته‌واوییه‌ك له به‌شداریی ئه‌وان نیشان ده‌دات.
6- له ئاستی حزبه سیاسییه‌كانی كلدان، ئاشووری و سریانی، هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش و میكانیزمی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه نه‌بووه، به‌ڵكو هه‌ر هێزێك و تاكلایه‌نانه به‌شداری له دۆسیه‌كه‌دا كردووه و ئه‌وه‌ش فشاره‌كانی ئه‌وانی لاواز كردووه.
7- ناكۆكی سیاسی نێوان پارته‌كانی مه‌سیحی له‌لایه‌ك و ململانێی نێوان بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌لایه‌كی تر، كاریگه‌رییه‌كی خراپی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی داگیركردنی زه‌ویی مه‌سیحییه‌كانی نه‌هله دروست كردووه، به‌ڕاده‌یه‌ك كه به‌ئاشكرا هه‌ست به‌وه ده‌كرێت هه‌ریه‌ك له‌و لایه‌نانه ده‌یانه‌وێت ئه‌و دۆسیه‌یه وه‌ك ئامرازێكی سیاسی دژ به‌ویتر به‌كاربێنن، ئه‌وه‌ش ره‌هه‌ندێكی سیاسی به كێشه‌كه داوه.
زه‌مینه‌كانی چاره‌سه‌ركردن:
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی زیاتر له نیو سه‌ده له كێشه‌ی زه‌وی و زار له نێوان مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله و كه‌سانێك له گونده دراوسێكانیان، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك زه‌مینه‌ی به‌رفره‌وان و هه‌مه‌لایه‌ن له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و یاساییه‌وه له ئێستادا به‌رده‌ستن كه وه‌ك بنه‌ماگه‌لێكی پته‌و ده‌كرێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پشتیان پێ ببه‌سترێت. له خواره‌وه كۆمه‌ڵێك له‌و زه‌مینه و بنه‌مایانه خراونه‌ته روو:
1- تا ئێستا كێشه‌ی داگیركردنی زه‌ویی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كێشه‌ی زه‌وی و زار له كوردستاندا، رووداوی توندوتیژانه و كوشتنی لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه. كێشه‌كه له هه‌ر له كێشه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ر (خاوه‌ندارێتی زه‌وی) ماوه‌ته‌وه و بۆ (كێشه‌ی خوێنداری) ته‌شه‌نه‌ی نه‌كردووه، ئه‌وه وا ده‌كات به‌ئاسانتر بتوانرێت كۆنتڕۆڵ و چاره‌سه‌ر بكرێت.
2- ده‌ركردنی یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان و به‌تایبه‌ت ماده‌ی دووه‌می یاسایه‌كه، كه پێداگیری له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وی و زاری داگیركراوی پێكهاته‌كان ده‌كات، زه‌مینه‌یه‌كی ته‌واو گونجاوی یاساییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه.
3- هه‌بوونی به‌ڵگه‌نامه‌ی تۆمار و خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كان، هه‌بوونی هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانی پێشوو له‌ئاستی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و دواتر به‌ره‌ی كوردستانی و ئه‌و لیژنه كارگێڕی و په‌یوه‌ندیدارانه‌ی په‌یوه‌ست به یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كانی دۆڵی نه‌هله و له ئێستاشدا هه‌بوونی چه‌ند بڕیارێكی دادگا له‌و رووه‌وه، زه‌مینه‌یه‌كی گونجاوییان ده‌سته‌به‌ر كردووه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كه له رێگه‌ی یاساییه‌وه.
4- داننانی په‌رله‌مانی كوردستان به واقیعی (داگیركردن و زیاده‌ڕۆیی سه‌ر زه‌وی پێكهاته‌كان) له چوارچێوه‌ی یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كان و داننانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به واقیعی (گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچه مهسیحینشینهكان) كه خۆی له وه‌رگرتنی دۆسیه‌ی تایبه‌ت به گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچه مهسیحینشینهكان ده‌كاته‌وه، زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه ده‌خاته روو.
5- هه‌بوونی فه‌توایه‌ك له ئاستی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان/لیژنه‌ی فه‌توا له‌باره‌ی (حوكمی داگیركردنی شوێنه ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان) كه له 24ی نیسانی 2016 وه‌ك (فه‌توای شه‌رعی) ده‌رچووه و داگیركردنی زه‌وی و شوێنه ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌یه‌كی ئایینی و مه‌زهه‌بی به (نادروست، حه‌رام و بێ شه‌رعی) داده‌نێت، زه‌مینه و پاڵپشتییه‌كی ئایینی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات له‌ئاستی كۆمه‌ڵگای كوردستاندا كه كۆمه‌ڵگایه‌كی زۆرینه موسڵمانه و وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وانه‌ش زه‌وییه‌كانیان داگیركردووه به ئایین موسڵمانن.
6- هه‌بوونی نوێنه‌رانی مه‌سیحی له په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك(ناوچه‌ی ناكۆكی) یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له گه‌یاندنی دۆسیه‌كه به ناوه‌نده‌كانی دروستكردنی بڕیار و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان.
7- هه‌بوونی جۆرێك له كۆده‌نگی و خاوه‌ندارێتی كردنی هه‌موو فراكسیۆنه مه‌سیحییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و ته‌واوی حزبه‌كانی كلدانی سریانی ئاشووری له (دۆسیه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچه مهسیحینشینهكان له پارێزگای دهۆك)، زه‌مینه‌یه‌كی سیاسی گونجاو له‌رووی یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی لایه‌نه سیاسییه‌كانی مه‌سیحییه‌كان مسۆگه‌ر ده‌كات و ئاستی به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن و قه‌باره‌ی داخوازیی و فشاره‌كان به‌هێزتر ده‌كات.
8- هه‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك كه‌ناڵێكی گه‌یاندن و به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵایی یاسایی دژ به پێشێلكارییه‌كان زه‌مینه و كه‌ناڵێكی تر به‌ده‌سته‌وه ده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌رێگای یاسایی و دوور له توندوتیژی.
9- هه‌بوونی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له قۆناغی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا، له شێوه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و كه‌ناڵه‌كانی میدیایی، زه‌مینه‌یه‌كی تر به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن، له رێگه‌ی خاوه‌ندارێتی كردنی دۆسیه‌كه، به‌رزكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كه بۆ شوێنی مه‌به‌ست، دروستكردنی فشار و رای گشتی و خستنه رووی پێشنیاز و راسپارده بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه.
10-. كاركردن به ئاراسته‌ی زیندووكردنه‌وه‌ی به‌ها و ئامانجه هاوبه‌شه‌كان له نێوان دانیشتووانی دۆڵی نه‌هله، زه‌قكردنه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌ی كه ئه‌وان له یه‌ك سه‌نگه‌ردا و دژ به یه‌ك رژێم جه‌نگاون و به‌یه‌كه‌وه خوێنیان له پێناو خاك و نیشتمانه‌كه‌یان رشتووه. به‌ها و ئامانجه هاوبه‌شه‌كان زه‌مینه‌ی له‌بار ده‌ڕه‌خسێنن تا له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بتوانرێت كۆنترۆڵی كێشه‌كان بكرێت.
پێشنیاز و میكانیزمه‌كانی چاره‌سه‌ركردن:
میكانیزمه خێراكان:
1- له هه‌موو ئاسته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستاندا هه‌نگاوی رژد و تۆكمه هه‌ڵبگیرێت بۆ رێگه‌گرتن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری زیاده‌ڕۆیی سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله.
2- لایه‌نه‌كانی سیاسی له ئاستی به‌رپرسیارێتیدا بن و خۆیان له هه‌ر به‌كارهێنانێكی سیاسییانه‌ی دۆسیه‌ی نه‌هله له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێ سیاسییه‌كانیان به‌دوور بگرن، له پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه راسته‌قینه‌كه و نه‌خستنه مه‌ترسی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا.
3- خۆبه‌دوورگرتن و رێگرتن له هه‌ر لێدوان و گوتارێكی په‌یوه‌ست به دۆسیه‌ی زیاده‌ڕۆییه‌كان كه هاندان بۆ توندوتیژی له ئاستی دانیشتووانی ناوچه‌كه دروست ده‌كات، به‌هه‌ستكردن به‌و راستییه‌ی كه هه‌ردوو لایه‌نی كێشه‌كه چ ئه‌وانه‌ی زه‌وییان داگیركراوه و چ ئه‌وانه‌ی زیاده‌ڕۆییان كردووه، دواجار دراوسێی هه‌میشه‌یین و مه‌حكومن به پێكه‌وه هه‌ڵكردن.
4- خێراكردنی هه‌نگاوه‌كانی به‌دواداچوون له‌سه‌ر دۆسیه‌ی زیاده‌ڕۆیی سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كان له ئاستی حكومه‌ت به‌گشتی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌تایبه‌تی كه پابه‌ندكراوه به به‌دواداچوون له‌سه‌ر دۆسیه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچه مهسیحینشینهكان.
5- جێبه‌جێ كردنی راسته‌وخۆی ئه‌و بڕیارانه‌ی له ئاستی دادگا په‌یوه‌ندیداره‌كان و په‌یوه‌ست به دۆسیه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحییه‌كانی دۆڵی نه‌هله دراون و تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراون له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
6- رێككه‌وتنی سیاسی له نێوان لایه‌نه‌كانی مه‌سیحی و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستاندا به ئاراسته‌ی پاڵپشتی بۆ جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی دادگا و چه‌سپاندنی یاسا بێت.
7- ئاراسته‌كردنی لایه‌نه‌كانی كێشه‌كه بۆ په‌نا بردن بۆ دادگا په‌یوه‌ندیداره‌كان و خۆپاراستن له هه‌ر كردار و په‌رچه‌كردارێكی توندوتیژانه.
میكانیزمه به‌رده‌وام و دوورمه‌وداكان:
1- هه‌وڵدان بۆ دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ی ته‌واو له نێوان دانیشتووانه مه‌سیحی و موسڵمان، كورد و ئاشوورییه‌كانی دۆڵی نه‌هله و ناوچه‌كانی تر و كۆتایی هێنان به‌و دڕدۆنگی و بارگرژییه ده‌روونییه‌ی له‌نێوان هه‌ردوولادا و ئه‌گه‌ر له ئاستی ژماره‌یه‌كی سنوورداریشدا دروست بووه، به پێچه‌وانه‌وه مه‌ترسی به‌رده‌وام له گرژی و نامتمانه‌یی زیاتر هه‌یه كه سه‌رده‌كێشێت بۆ تێكچوونی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان هه‌ردوو پێكهاته‌دا.
2- لایه‌نه مه‌سیحییه‌كان به‌هاوبه‌شی و كۆده‌نگی هه‌وڵی گه‌ڵاڵه‌كردنی پرۆژه‌یه‌ك بۆ چاككردنه‌وه‌ی گۆڕینه دیمۆگرافییه‌كان له ناوچه مهسیحینشینهكان له هه‌رێمی كوردستاندا بده‌ن و دواتر له رێگای ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه خاوه‌ندارێتی و جێبه‌جێ بكرێت.
3- هه‌ر بڕیارێكی په‌یوه‌ست به زه‌وی له ئاستی شاره‌وانی، وه‌به‌رهێنان، كشتوكاڵ و وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی تر، كه په‌یوه‌ندی به ناوچه‌كانی مهسیحینشین و هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تره‌وه هه‌یه، ده‌بێت به‌وردی دیراسه بكرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه هیچ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر گۆڕینی دیمۆگرافی ئه‌و ناوچانه دانه‌نێت كه پێكهاته‌یه‌كی ئایینی یان نه‌ته‌وه‌یی تێدا نیشته‌جێن.
4- ده‌بێت قه‌ره‌بووی هه‌موو ئه‌و مه‌سیحیانه‌ی كه زه‌وییه‌كانیان به هه‌ر هۆكارێكی وه‌ك به‌كارهێنانی زه‌وی بۆ پرۆژه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی، یان راگواستن یان زیاده‌ڕۆییه‌ك كه توانای هه‌ڵگرتنی نییه، بكرێته‌وه. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شێك له به‌رپرسیارێتی راسته‌وخۆی قه‌ره‌بووه‌كه‌ی به‌پێی قۆناغه‌كانی زیاده‌ڕۆیی و به‌كارهێنانه‌كه له ئه‌ستۆ ده‌بێت و ئه‌و زیاده‌ڕۆیی و به‌كارهێنانه‌ش كه له سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كانی عێراقی ئه‌نجامدراون، پێویسته له رێگای حكومه‌ت، دادگا و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر فشار له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی وه‌ك میراتگری حكومه‌تی پێشوو دابنرێ له پێناو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكهوتوواندا.
5- هاندانی كه‌سایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی و پیاوماقوڵانی ده‌ڤه‌ره‌كه له مه‌سیحییه‌كان و موسڵمانه‌كان بۆ رێگه‌گرتن له زیاده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر زه‌وی له‌لایه‌ك و كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخ و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێوان هه‌ردوو پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی كه له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا ده‌ژین.
كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی چۆن هاوكاربێت لهچارهكردنی ئه‌و گرفته
راسپاردهوپێشنیار
1-رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كاربكات بۆ ئه‌وه‌ی كه نوێنه‌رانی لایه‌نه جیاجیاكانی كێشه‌كه له‌یه‌ك نزیك بكاته‌وه و رێگری بكات له‌هه‌ر ته‌شه‌نه‌كردنێكی ئه‌و كێشه‌یه.
2-كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كاربكات بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌زموونی چاره‌كردنی كێشه‌ی زه‌وی وزاری له‌وچه‌شنه كه له‌وڵاتانی دیكه به‌كارهێنراوه لهچارهكردنی كێشه‌ی داگیركردنی زه‌وی و زار بگوازێته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان،له‌رێگه‌ی ناردن وهێنانی كه‌سانی پسپۆڕ‌و شاره‌زای ئه‌و بواره تا هاوكاربێت له پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ریی.
3-فشاری به‌رده‌وام بخاته سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه وپابه‌ندبوونی حكومه‌ت بهگێرشانی رۆڵی راسته‌قینه‌ی بێ جیاوازییكردن له‌نێوان هاوڵاتیانی له‌سه‌ر بنه‌مایی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و...تد.
4-فشارخستنه‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی دادگا ئه‌وانه‌ی كه په‌یوه‌سته بهچارهكردنی ئه‌و كێشه‌یه‌و،پابه‌ندبوونی بهسیاسینهكردنی دادگا له‌و پرسه‌دا،رێكاره یاساییه‌كان به دروستی په‌یڕه‌ویی بكرێت.
5-چاودێریكردنی به‌رده‌وامی كێشه‌كه و خستنه رووی ته‌واوی زانیارییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی به‌روه‌پێشچوون له‌چاره‌سه‌ری و رێگرییه‌كان بخرێنه روو،وه‌ك به‌شێك له هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته.
ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ساز كراوه:
1-نویا یوحه‌نا- دانیشتووی گوندی ژولی له دۆڵی نه‌هله، رێككه‌وتنی چاوپێكه‌وتن: 29/7/2016
2- ئۆگر ئوراها- دانیشتووی گوندی كهشكاوا له دۆڵی نه‌هله، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 29/7/2016
3- ئه‌براهام تۆما یاقوو، موختاری گوندی كهشكاوا، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 29/7/2016
4- خوری ئه‌ندریوس میخایل، قه‌شه‌ی كه‌نیسه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كۆن له دۆڵی نه‌هله، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 29/7/2016
5- شێخ ره‌زا زێباری، سه‌رۆكی عه‌شیره‌تی زێباری، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 29/7/2016
6- رۆمیۆ هه‌كاری، سكرتێری حزبی به‌یت نه‌هره‌ین، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 10/8/2016
7- سرود سه‌لیم مه‌تا موقه‌ده‌سی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی ئه‌بنا ئه‌لنه‌هره‌ین/بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 12/8/2016
8- میخایل بنیامین، كه‌سایه‌تی مه‌سیحی له دهۆك، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 9/8/2016
9- نینوس عودیشۆ، ئه‌ندامی مه‌سیحی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 16/7/2016
10- هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی (چه‌مانكێ)ی سنووری ئامێدی، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 4/8/2016
11- دلڤین محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی و خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 4/8/2016
12- فارس یوحه‌نا بالیوس مركهی سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 2/8/2016
13- لینا عزریا به‌هرام شابۆ، په‌رله‌مانتاری كوردستان له فراكسیۆنی رافیده‌ین، رێككه‌وتی چاوپێكه‌وتن: 13/8/2016